ناتانیاهۆ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئیسرائیل هەموو سەركێشییەك دەكات

جیهان

13/09/2019‌ 482 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەفائیل فەخرەدینوف لە گۆڤاری (غازیتا رو) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی پەیمانەكانی ناتانیاهۆ لە هەڵبژاردنەكاندا لەسەر مافەكانی عەرەب، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەنگاوەكانی ئەمریكا دژی بەرگری فەلەستین.

بەپێی راپۆرتەكە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاندووە، نیازی ئەوەی هەیە (غوری ئوردن) بخاتە سەر ئیسرائیل لە كاتی سەركەوتنیدا لە هەڵبژاردنەكان. فەلەستینیش ئەمەی بەتاوانی جەنگ ناوەزەند كرد، سەرەرای ئەوەی كۆمكاری عەرەبی پلانەكەی سەرۆك وەزیرانی سەركۆنە كرد.

چاودێرە سیاسییەكانی ئیسرائیل وای دەبینن ئەمە هەوڵێكە بۆ ئەوەی راسترەو توندرەوەكان پاڵپشتی بكەن، بەوەی ئەوانیش داوای خستنە سەری نشینگە یەهودییەكانی كەرتی رۆژئاوا دەكەن بۆ سەر خاكی ئیسرائیل.

ئەوەی جێگای سەرەنجە، لەهەمان ئەو رۆژەی ناتانیاهۆ پلانی هەڵكشانە سەربازییەكەی دژی فەلەستین راگەیاند، واشنتۆنیش ئاشكرایكرد سزا بەسەر گروپێكی فراوان لە تیرۆریستان دەسەپێنێت، كە بەو وەسف كردنە بێت بزووتنەوەی حەماسی فەلەستین دەگرێتەوە.

مانگی رابردوو، سەرۆكی روسیا ڤلادیمیر پۆتین پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ناتانیاهۆ ئەنجامدا، شرۆڤەكارانی سیاسی باسیان لەوە دەكرد ناتانیاهۆ دەیەوێت بانگەشەی ئەوەی پێ بكات، كە لەگەڵ پۆتیند هاوڕێیەو پاڵپشتی ئەو دەنگدەرانە بەدەست بهێنێت، كە بە زمانی روسی دەدوێن. 

هەر لەو كاتەدا وێنەیەكی گەورەی هەردوو سەرۆكیان بە دیواری دەرەوەی بارەگای حیزبی لیكۆددا هەڵواسی لە تەل ئەبیب. ئەمە جگە لە وێنەی ناتانیاهۆ و ترامپ.

لەو بارەیەوە، شارەزا ئیسرائیلییەكان بە گوێرەی هئارتس باسی ئەوە دەكەن، ترامپ و پۆتین رەتیانكردووەتەوە لە ماوەیەكی نزیكدا پێشوازی لە ناتانیاهۆ بكەن بەهۆی هەڵبژارنە پەرلەمانیەكەی ئەو وڵاتەوە. 

هەروەها لە وتارێكی رۆژنامەیەكی ئیسرائیلیدا هاتووە: پۆتین نایەوێت لەو هەڵمەتەدا بەشداری بكات، دیارە كە كۆمەڵگەی ئیسرائیلی ئەوانەی بە روسی قسە دەكەن ئامرازێكی بنەڕەتین لەجەنگی نێوان ناتانیاهۆ و ركابەرەكەی (لیبرمان)، كە لە مۆلدوفا لە دایك بووە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا

بەپەلە