روسیا هەوڵی بەهێزكردنی پێگەكەی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات

جیهان

13/09/2019‌ 522 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گۆڤاری (نیزیافیسیمایا غازیتا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی هەوڵەكانی روسیا بۆ بەهێزكردنی پێگەكەی لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی زیادبوونی پرۆسەكانی ئیسرائیلەوە لە لوبنان و عێراق.

بەپێی راپۆرتەكە، لەسەر روسیا پێویستە رۆڵی نێوەندگیر ببینێت لەگەڵ گەرمبوونی ململانێكانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان. 

دەربارەی ئەمە سەرچاوە دیبلۆماسییەكان وتویانە هەندێك لایەن پەنایان بردووەتە بەر مۆسكۆ لە پێناو خۆ لادان لە ململانێیەكی فراوانتر.

قسەكان لە دەوری رووداوی یەكەم دەسوڕێتەوە لە مانگی سێپتەمبەر، كاتێك جەنگاوەرانی حیزبوڵڵا زرێپۆشێكی ئیسرائیلییان بە رۆكێتێك پیكا لە نزیك نشینگەی ئەفیفیم ی یەهودی، لە وەڵامیشدا تۆپ هاوێژەكانی ئیسرائیل بۆ ماوەی دوو كاژێر باشوری ئەو وڵاتەیان تۆپ باران كرد.

سەرچاوە سەربازییەكانی روسیا دووپاتیانكردووەتەوە مۆسكۆ زۆر چالاكانە بەشداریكرد لە خاو كردنەوەی دۆخی نێوان ئەو دوو وڵاتە، ئەمە جگە لەوەی بەهەمان شێوە ئێرانیش بەشدار بوو. 

بە گوێرەی چاودێران نێوەندگیرە روسەكان توانیویانە كێشەكە چارەسەر بكەن بەهۆی ئەو پەیوەندییە باشەی لەگەڵ بەیروت و تەل ئەبیب هەیانە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە ئیتر توندوتیژی رووناداتەوە. 

لە ئیسرائیل كاتی هەڵبژاردنەكانی كەنیست نزیك دەبێتەوە (17ی سیپتەمبەر)، بەهۆی دۆخی ناجێگری ناتانیاهۆ لە گۆرەپانی ناوخۆییدا وا دەكات رێكاری یەكلاكەرەوە دژی پێكهاتەكانی سەر بە ئێران بگرێتە بەر و تا ئێستاش گوتارەكانی لایەنە دژەكان مەترسیدارن.

پێدەچێ ململانێی ئیسرائیل لەگەڵ پێكهاتەكانی سەر بە ئێران هەژمونی روسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێز دەكات، پێش ئەوە شتێكی وا تێبینی كرا، بۆ نمونە عێراق كە لەم هەفتانەی دواییدا بنكەكانی حەشدی شەعبی شیعی بەهێرشی ئاسمانی كرانە ئامانج.

لەسەرەتای مانگی ئابدا، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق فالح فەیاز، كە لە هەمان كاتدا بەرپرسی حەشدی شەعیبیە سەردانێكی بۆ مۆسكۆ ئەنجامدا، لەو بابەتانەی لە گفتوگۆكاندا باسی لێوە كرابوو، بەدەستهێنانی كۆسیستەمی بەرگری ئاسمانی روسی بووە.

بەڵام، پێدەچێت تێوەگلانی ئیسرائیل لەهێرشەكانی سەر عێراق لایەنی روسی سوودی لێ ببینێ لە سوچی پەرەپێدانی هاوكاری سەربازی تەكنیكی لەگەڵ عێراق، بەڵام سودەكانی دەستی دەكەوێت لە ئەنجامی ململانێی ئیسرائیل –لوبنان لەسەر سنوور تا رادەیەكی زۆر روون نییە، كە پێدەچێت سەردانیكردنی ناتانیاهۆ بۆ سوچی ژمارەیەك دۆسییە روونبكاتەوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا