مەرجی نوێی ئەمریكا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لەسوریا

کوردستان

13/09/2019‌ 4029 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شۆن رۆبەرتسۆن وتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاند، هاوكارییەكانمان لەگەڵ توركیا لەسەر ناوچەی ئارام لەسوریا بەشێوەیەكی باش بەڕێوەدەچێت، هەروەها جەختیكردەوە، كە قووڵی و رووبەری ئەو ناوچە ئارامەی درووست دەكرێت دەكەوێتە سەر ئەو بارودۆخەی لەسەر زەوی دەگوزەرێت .

رۆبەرتسۆن لەلێدوانێكیدا بۆ كەناڵی "ئەلحوڕڕە"ی ئەمەریكی راشیگەیاند، بەرپرسە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە هەردوو فەرماندەی ناوەندی و فەرماندەیی ئەوروپای سوپای ئەمەریكا لەگەڵ لایەنی توركی گفتۆگۆیان كردووە لەسەر ئەو سەركەوتنانەی تائێستا بۆ جێبەجێكردنی میكانیزمی ئاسایشی‌و دروستكردنی ناوەندی پرۆسە هاوبەشەكان بەدەستهاتوون .

ئەو بەرپرسەی پنتاگۆن باسی یەكەم تیمی گەرۆكی هاوبەشی ئەمەریكی و توركی لەرۆژئاوای كوردستان كرد وتی: یەكشەممە یەك دەرچوونیان هەبووە،  بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێكردنی پلانەكەش دواتر چوار دەرچوونی دیدەوانی ئاسمانی دەبێت .

هەروەك جەختی كردەوە، كە ئەمەریكا پەیوەندیدارە بە مەترسییە ئاسایشییە رەواكانی توركیا لەسەر سنوورەكانی باشووری وڵاتەكەی و گوتی گفتوگۆ باشترین ڕێگایە بۆ نەهێشتنی ئەو ترس و نیگەرانییە .

سەبارەت بە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات رۆبەرتسۆن جەختی كردەوە لەسەر پێویستی تەركیز كردنەوە لەسەر جەنگی دژی داعش و دڵنیابوون لە بەزاندنی ئەو ڕێكخراوە ، هەربۆیە گوتی هاوبەشێتی وڵاتە یەكگرتووەكان لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات لەبواری رووبەرووبوونەوەی داعش پتەو و بەردەوامە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی