ترامپ باوەڕ بەوە ناكات ئیسرائیل سیخوڕی بەسەر ئەمریكاوە بكات

جیهان

13/09/2019‌ 233 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا رەتیكردەوە بڕوا بەو زانیارییانە بكات، كە باس لەوە دەكەن ئیسرائیل سیخوڕی بەسەر كۆشكی سپییەوە كردووە، جەختیشی كردەوە پەیوەندییەكانی بە دەوڵەتی جولەكەوە "زۆر نایابە" .

ترامپ لەمیانی لێدوانێكی وتی: بروا بەوە ناكەم ئیسرائیلییەكان سیخوڕیمان بەسەرەوە بكەن، قورسە بۆمن بڕوا بەوە بكەم.

ئەو وتیشی:هەموو شتێك ڕێیتێدەچێت، بەڵام من بڕوا بەوە ناكەم، وەك ئەوەی لەمیدیاكان‌و ناوەندەكانی ئەمریكا باس دەكرێت.

پێشتر پێگەی گۆڤاری "پۆلیتیكۆ"ی ئەمەریكی بڵاویكردەوە، بەرپرسە ئەمەریكییەكان پێیوان وایە ئیسرائیل لەپشت  دانانی ئامێری "ستینگ رای " بووە لە نزیك كۆشكی سپی و چەند جێگایەكی تری هەستیاری واشنتۆن .

پێگەكە بڵاویشیكردەوە، گومان دەبرێت ئامێرەكە بۆ سیخوڕیكردن بەسەر دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا و یەكێك لە بەرپرسانی پێشووی ئیدارەكەی و گەورە یاریدەدەر و كەسە نزیكەكانی ترامپ دانرابێت، هەروەك هێشتا روون نییە ئاخۆ هەوڵەكانی ئیسرائیل سەركەوتوو بووە یان نا .

لای خۆیەوە ، ئیسرائیل، كە هاوپەیمانێكی نزیكی واشنتۆنە لەسەر زاری هەریەك لە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیران و ئیسرائیل كاتس وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە بەتوندی ئەو تۆمەتانەیان رەتكردەوە ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد، كە هەرگیز ئیسرائیل سیخوڕی بەسەر ئەمریكاوە ناكات .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی