دیزاینە نوێیەكەی ئەپڵ بەكارهێنەرانی نیگەران كردووە

جیهان

14/09/2019‌ 1549 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دیزاینە نوێیەكەی كۆمپانیای ئەپڵ بۆ مۆبایلی ئایفۆن، كە لە 10 ی مانگی 9 بڵاوكرایەوە، شوێنی كامێراكانی مۆبایلەكە نیگەرانی لای بەكارهێنەرانی  زیادكردووە.

دیوی پشتەوەی ئایفۆنی 11 لە سێ كامێرا و دەنگبەری مۆبایلەكە پێكدێت، كە لە چواگۆشەیەكدا لە بەری لای چەپی دیوی پشتەوەی مۆبایلەكە دروستكراوە.

سەدان كەس لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە دیزاینە نوێیەكەی ئەپڵ دەربڕی و نووسیویانە كۆمپانیاكە هیچ گرنگی بە بەكارهێنەران نەداوە سەبارەت بەو كونە بچكۆلەیەی لەگەڵ كامێراكاندا هەیە.

هەندێك كەس تووشی حاڵەتی تریپۆفۆبیا بوونە (ترسان لە كونی بچووك) پێیان وایە لەو كونانەوە شت دەبینن.

یەكێك لە بەكارهێنەران لە تویتەر نوسیویەتی: "ئەپڵ بیری لەو كەسانە نەكردووەتەوە، كە حاڵەتی تریپۆفۆبیایان هەیە".

توێژینەوەیەكی زانكۆی تۆتنگهام ئاماژەی بەوە كردووە لە دە كەسدا كەسێك كێشەی تریپۆفۆبیای هەیە، تا ئێستا ڕوون نییە ترسی ئەو كەسانە لە كونی بچووك چییە، بەڵام بە ئەگەرێكی زۆرەوە ترسی ئەو كەسانە ترسە لە مێرووی بچكوكی زیانبەخش و پێیان وایە لەو كونە بچووكانەوە دێنە دەرێ.

وەرگێڕان: ڕەنج ڕەسوڵ