هاوسەرو رۆڵی تریش.. مەترسی ژنانی رێكخراوی داعش

عیراق

14/09/2019‌ 677 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتێكی نوێی رۆژئاوایی باس لەو مەترسییانە دەكات، كە ژنانی داعش لەناو تۆڕە تیرۆریستییەكاندا دروستی دەكەن ، بەتایبەت لەناو ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش.

دوای راپۆرتێكی گرووپی "گڵۆبسك"ی ناحكومی لەو مەترسییانەی ژنانی داعش لەجیهاندا دروستی دەكەن، جارێكی تر باسكردن لە ژنانی داعش هاتەوە گۆڕێ .

ئەو راپۆرتە دوای وردبینیكردنی داتاكانی ٣٢٦ توندرەوی ئەوروپی، كە ٤٣ ئافرەتیشیان لەناودایە، ئەوانەی لەساڵی ٢٠١٥وە دەستگیركراون، یان دەركراون یان كوژراون ئەنجامەكانی ئاشكرا كراوە.

"گڵۆبسك"، كە بارەگاكەی لە وڵاتی سلۆڤاكیایە لە پوختەی راپۆرتەكەیدا رایگەیاندووە، ژنە داعشەكان هەڕەشەیەكی ترسناكن، هەروەك ئامادەشن هەركاتێك بێت هێرشی تیرۆریستی ئەنجام بدەن.

هەروەها راپۆرتەكە رایگەیاندووە، كە دەردەكەوێت زیاتر لە ٤٠ ئافرەت ئەوانەی داتاكانیان وەرگیراوە هەر تەنیا بووكی چەكدارانی داعش نین، بەڵكو ئەو رۆڵەی ئەوان لەناو تۆرە تیرۆریستییەكان دەیگێڕن گەلێك ترسناكە، بەجۆرێك بەشێك لەوان پلان بۆ هێرشی تیرۆریستی دادەڕێژن ، هەندێكیشیان كار لەسەر راكێشانی ئافرەتی نوێ بۆ ناو داعش دەكەن، هەندێكیشیان لەبواری ریكلامكردن كار دەكەن، بەشێكیشیان خەریكی كۆكردنەوەی پارەن بۆ رێكخراوەكە.

بەشێكی تری راپۆرتەكە ئاماژە بەو هەوڵە دەستەجەمعییە دەدات، كە ژنانی داعش لەپێناو كۆكردنەوەی پارە بۆ ڕێكخراوەكە دەیدەن، سەرباری ئەو رۆڵەی وەك "ئەفسەری لۆجستی" بۆ پاراستنی چەكدارەكان دەیگێڕن، بەوەش شارەزاییەكی سەربازی زۆریان كۆكردووەتەوە .

لەلایەكی ترەوە راپۆرتەكەی "گڵۆبسك" باس لەپەیوەندی نێوان تاوان و توندرەوەكان دەكات، بەجۆرێك ژمارەیەكی زۆری چەكدارانی داعش پێشتر تۆماری تاوانكاری ئاساییان هەبووە.

لەكاتی پێشكەشكردنی راپۆرتەكەدا، بەرپرسانی یەكێتی ئەوروپا ئەوانەی بەرپرسن لەسیاسەتی ئاسایشی یەكێتییەكە ئاگاداركراونەتەوە بەوەی زۆربەی ئەوانەی لەئەوروپا بەتاوانی تیرۆر حوكم دراون، لەدوای ئازادكردنیشیان بەردەوام بوون لەئەنجامدانی تاوانی هاوشێوە.

بارت شۆمان، توێژەی ئەمنی لە زانكۆی لیدن لە پۆڵەندا، كە بەشداری ئامادەكردنی راپۆرتەكەی كردووە دەڵێت: دەكرێت فەرمانبەرە هۆڵەندییەكان دوای ساڵانێكی زۆر كاكركردن رایبگەیەنن، كە تەنیا دوو لە زیندانییەكان دەستبەرداری توندڕەوی بوون.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی