دۆزینەوەی هەڵم لەهەسارەیەكی هاوشێوەی زەوی

هەمەڕەنگ

14/09/2019‌ 606 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لێكۆڵینەوەیەك ئاشكرایكردووە، زاناكان تێبینی بوونی هەڵمیان لەبەرگەهەوای یەكێك لەو هەسارانە كردووە، كە زۆر لەو زەوی دەچێت و بەدەوری خۆرێكی دووردا دەسووڕیتەوە، ئەوەش وەك بەڵگەیەك لەسەر بوونی یەكێك لەرەگەزە سەرەكییەكانی ژیان لەدەرەوەی كۆمەڵەی خۆر.

ئەو هەسارەیەی هەڵمەكەی لە بەرگە هەوكەی دۆزراوەتەوە ناوی هەسارەی (K2 - 18B) و یەكێكە لەو سەدان هەسارانەی قەبارەكەیان لەدەوروبەری هەسارەی زەوی و نیپتۆن دایە.

بەتێكرایی تا ئێستا لەدەرەوەی كۆمەڵەی خۆر زیاتر لە چوار هەزار هەسارەی لەو جۆرە لە هەموو جۆرە قەبارەیەك دۆزراونەتەوە.

هەسارەكە لەلایەن تیمێكی زاناكانی كۆلێژی زانكۆیی لەندەن دۆزراوەتەوە و لێكۆڵینەوەكەش لەبڵاوكراوەی خولاوخولی "نەیچەر ئەسترۆنۆمی"دا بڵاوكراوەتەوە.

ئینجۆ فالدمان مامۆستای فیزیا لە كۆڵێژەكە دەڵێت: ئاومان دۆزیوەتەوە، هەسارەكە لەرێگای تەلیسكۆبی گەردوونی هابڵەوە ئاشكرا بووە.

دەتوانرێت بەشیوەیەكی وردتر بوترێت ئەوە یەكەمجارە زاناكان لەدەرەوەی كۆمەڵەی خۆر ئاو لەبەرگەهەوای هەسارەیەك دەدۆزنەوە، كە بەدەوری خۆرێكدا دەسوورێتەوە دەكەوێتە چوارچێوەی "ناوچەی گونجاو بۆژیان"، ئەوەش ئەو دوورییەیە، كە ئەگەری هەیە لەسەر رووەكەی ئاوی شل بدۆزرێتەوە.

ئەنگلیۆس تسیاراسی پسپۆر لە بواری گەردوونناسی لە كۆلێژی زانكۆیی لەندەن دەڵێت: زاناكان زیاتر تەركیزیان لەسەر دیاریكردنی ئەو هەسارانەیە، كە لەدەرەوەی كۆمەڵەی خۆر هاوشێوەی زەوین.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی