ئەگەری ئەوە هەیە بەریتانیا بێ‌ رێككەوتن لەیەكێتی ئەوروپا بچێتە دەرەوە

عیراق

14/09/2019‌ 698 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویكردەوە
حكومەتی بەریتانیا وێناكردنێكی بۆ خراپترین ئەو پێشهاتانە كردووە، كە لەئەگەری چوونەدەرەوەی بێ ڕێككەوتنی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەكەونەوە و لەوانەشە ببنە هۆی بەیەكداچوونی ڕێگەكانی بازرگانی لەگەڵ ئەو‌روپا، پەككەوتنی هاتنی داودەرمان و خۆراكی تازە.

یەكێك لە پێشبینییەكان ڕاپۆرتێكە بەناونیشانی "پڕۆسەی چەكوشی زەرد"، كە شەش‌ هەفتەیە ئامادەكراوە، ئەو پێشهاتانە لەسەر داوای چەند پەرلەمانتارێك خرانەڕوو، كە حكومەتەكەی جۆنسۆن تۆمەتبار دەكەن بە شاردنەوەی ئاكامە كارەساتبارەكانی ئەو چوونەدەرەوە بێڕێككەوتنە، كە وادەی كۆتای 31 ی ئۆكتۆبەری ئایندەیە.

بەریتانیا لەسەر ئاستی جەماوەری و كەرتی كارەكانیش, وەك پێویست خۆی بۆ ئەو چوونەدەرەوە ئامادە نەكردووە، بۆیە شیمانەی ئەوە دەكرێت دوای چوونەدەرەوەكە، بارهەڵگرەكان بۆ ماوەیەكی زۆر (دوو ڕۆژ و نیو زیاتر) چاوەڕی بكەن تا لە دەریای مانش دەپەڕنەوە.

ترسان لە درەنگ گەیشتنی ئەو خۆراكە تازانە لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی بەریتانیا خواستی كڕینی ئەو كەلوپەلانەیان زیاد بكات، ئەمەش پشێوی دەخاتە كردەی هاوردەكردنی ئەو كەلوپەلانە... دوور نییە ئەمەش ناڕەزایی خەڵكی لە هەموو لایەكی بەریتانیا لێبكەوێتەوە.

جۆنسۆنی سەرۆك وەزیر دەڵێت: چ بگەنە ڕێككەوتنێك لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا یان نا، ئەوان لە وادەی خۆی جیادەبنەوە، هەفتەی ڕابردووش پەرلەمانتارانی ئۆپۆزسیۆن سەركەووتوو بوون لە دەركردنی یاسایەك، كە جۆنسۆن ناچار دەكات داوای دواخستنی وادەی چوونەدەرەوە بكات لە یەكێتی ئەوروپا، ئەگەر لەگەڵ یەكێتییەكە نەگەنە هیچ ڕێككەتنێك.

بۆریس جۆنسۆن داواكاری هەڵبژادنی پێشوەخت دەكات بۆ چوونەدەرەوە لەو تەڵەزگەیە، ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێن: ڕێگە بە هەڵبژاردنی پێشوەخت نادەن، تا مەترسی چوونەدەرەوەی بێ ڕێككەوتنی پێشوەخت لە بەریتانیا دوورنەخەنەوە.

پارتی كرێكارانی ئۆپۆزسیۆنیش رایگەیاندووە، كە بەڵگەنامەی پێشهاتەكان دووپاتی مەترسیداری چوونەدەرەوەی بێ ڕێككەوتن دەكەنەوە، بۆیە داوای دانیشتنێكی پەرلەمانی دەكەن بۆ تاوتوێكردنی ئەو بەڵگەنامانە و بڕیارلێدانی.

بەڵگەنامەكە دەڵێت: جموجۆڵی هاتووچۆ لە دەریای مانش بە ڕێژەی 60% كەمدەكات لە ڕۆژێكدا، لە خراپترین دۆخیشدا لەوانەیە بگاتە 3 مانگ.

كەناڵی بی بی سی بڵاویكردەوە
دادگای باڵای ئەمریكا, ڕەزامەندی لەسەر پلانەكەی ئیدارەی دۆناڵد ترامپ نیشاندا, بۆ سنورداركردنی توانستی كۆچبەران لەداواكردنی مافی نیشتەجێبوون لە ئەمریكا.

بە گوێرەی پلانەكە, ئەو كەسانەی لە ڕێگەی دەوڵەتی سێیەمەوە دەگەنە ئەمریكا، دەبێت داوای مافی پەنابەری لەو وڵاتە بكەن پێش ئەوەی بگەنە سنورەكانی ئەمریكا. 

بڕیارەكە ئاڵێنگاری لەپێشن، بەڵام یارای (قابیلی) جێبەجێكردنە لەسەرتاسەری ئەمریكاداو لەو بارەشەوە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا لەتویتێكدا نووسی: بڕیارەكەی دادگای باڵا سەركەوتن و بردنەوەیەكی گەورەیە بۆ ئەمریكا.

سنوورداركردنی كۆچبەری ئامانجێكی سەرەكی ترامپ و ئیدارەكەیەتی و بەشێكە لە پلانی ئەو ئیدارەیە بۆ هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2020.

كاتێك پلانەكە لە تەمموزی ڕابردوو ڕاگەیەندرا، هێندەی نەما بوو ڕێگری لێبكرێت، بۆیە بڕیارەكەی دادگای باڵا بە سەركەوتن هەژمار دەكرێت بۆ ئیدارەكەی ترامپ.

بەگوێرەی گۆڕانكارییە تازەكە،‌ ئەو كۆچبەرانەی لە ترسان و لە برسان لە ئەمریكای ناوەڕاستی باكورەوە دێن و بە مەكسیكدا تێدەپەڕن بۆ گەیشتن بە ئەمریكا. 

لەمەشەوە دەبێت كۆچبەرانی هندۆڕاس و نیكارگوا و سلڤادۆر، سەرەتا داوای پەنابەری لە دەوڵەتێكی دەوروبەر یان مەكسیك بكەن.

بڕیارەكە تازەكە ئەو ڕێسایانە هەڵدەوەشێنێتەوە، كە لەدێرزەمانەوە كاریان پێكراوە سەبارەت بە داواكاری پەنابەری بۆ كۆچبەران.

دوو لە دادوەرانی دادگای باڵا بڕیارەكەیان ڕەتكردۆتەوە كە "رۆس بادر غینزبرغ و سونیا سۆتۆمایر" ن.

ئەم بڕیارە كۆچبەران تووشی گیروگرفت و تەنگژە و مەترسی زۆر دەكات تاوەكو دەگەنە سنورەكانی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.