یەكێكیان لەبەرژەوەندی كورد بوو.. بۆڵتۆن ئەمەریكای لەسێ كارەسات پاراست و رۆیشت

کوردستان

14/09/2019‌ 9341 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسەر بریت ستیڤنس بابەتێكی لە رۆژنامەی "ئیریش تایمز"دا نووسیوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، لەگەڵ ئەوەی جۆن بۆڵتۆنی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا، كە لەمدواییە لەلایەن دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكاوە لەكارخراوە، بەڵام بەهۆی رزگاركردنی ئەمەریكا لە سێ كارەسات شایانی ئەوەیە خەڵات بكرێت.

نووسەر لەبابەتەكەدا نووسیویتی: ئەو سێ كارەساتەی بۆڵتۆن بووە هۆی دوورخستنەوەی لە ئەمەریكا ئەمانەن:
ڕێكەوتن لەگەڵ كۆریای باكوور 
نووسەر دەڵێت: یەكەم كارەسات، كە لەسەر دەستی بۆڵتۆن لە ئەمریكا دوورخرایەوە بریتی بوو لە راگرتنی پرۆژەی رێكەوتن لەگەڵ رێبەری كۆریای باكوور كیم جۆنگ ئۆن لە هانۆی پایتەختی ڤێتنام، كە بەپێی ئەوە ئەمەریكا لەرووی ئابووری و دیبلۆماسی گەلێك داشكاندنی گەورەی بۆ كۆریای باكوور دەكرد بەرانبەر بە بەڵێنی درۆیینەی پیۆنگ، یان بە داماڵینی چەكی ناوەكی وڵاتەكەی ، كە رەنگە ترامپ ویستبێتی ئەوە بەكاربهێنێت بۆ جوانكردنی دیمەنی خۆی و پاڵاوتنی بۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی .

نووسەر دەشڵێت: بۆڵتۆن بەهۆی سووربوونی لەسەر داماڵینی تەواوەتی چەكی ناوەكی كۆریا بەر لە واژووكردنی هەر رێكەوتنێك بووە هۆی سەرنەگرتنی ڕێكەوتنەكە، ئەو مەرجەش بەلای رێبەری كۆریای باكوورەوە قبووڵ ناكرێت ، لەبەر ئەوەی ڕژێمی ئەو وڵاتە بێ بوونی چەكی ناوەكی ناتوانێت خۆی بگرێت .

كشانەوەی تەواو لەسوریا 
هەرچی كارەساتی دووەمە، كە بۆڵتۆن بووە هۆی ئەوەی نەهێڵێت رووبدات بریتی بوو لە كشانەوەی تەواوەتی سوپای ئەمەریكا لە سوریا، كە ترامپ لەمانگی كانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠١٨ و دوای پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا لەناكاو رایگەیاند .

نووسەر پێیوایە، كە كشانەوەی تەواوەتی هێزەكانی ئەمەریكا ناپاكییەكی قورس دەبوو لەو شەرڤانە كوردانەی لەپاڵ ئەمەریكا شەڕی تێكشكاندنی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشیان كرد، جگە لەوەی پاشەكشەی تەواوەتی واشنتۆن لە سوریا واتای بانگهێشتكردنی هەموو یاریكەرە خراپەكانی ناوچەكە (ئێران و دارودەستەكەی، رژێمی ئەسەد ، ئەردۆغان و پاشماوەكانی داعش) دەگەیاند بۆ ئەوەی بۆشایی كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا پڕبكەنەوە.

نووسەر باسی لەوەش كردووە، بەڵام بۆڵتۆن لەڕێگای دژایەتیكردنی ئەو بریارەوە توانی كشانەوەكە هێواش بكاتەوە و دواتریش لەرێگای یاریكردن بە هاندانی بەریتانیا و فەرەنسا بۆ ئەوەی هێزی سەربازی رەوانەی رۆژئاوای كوردستان بكەن توانی بڕیارەكە رابگرێت، لەئەنجامیشدا هێزەكانی ئەمەریكا مانەوە و پارێزگاری لە شەڕڤانە كوردەكان دەكەن لەدژی ڕژیمی ئەسەد و ئەردۆغان و هێزەكانی سەر بە ئێران .

ڕێكەوتن لەگەڵ تاڵیبان 
نووسەر ستیڤنس هەروەها دەڵێت: كارەساتی سێیەم، كە بۆڵتۆن ڕێی لە روودانی گرت بریتی بوو لە دژایەتیكردنی سەرسەختانە لەو رێكەوتنەی وابڕیار بوو لە لوتكەی كامپ دیڤد لەگەڵ بزووتنەوەی تاڵیبانی ئەفغانستان واژووبكرێت، پلانەكە وابوو لە كۆتایی هەفتەی رابردوو بەڕێوەبچێت .

بەپێی رێكەوتنەكە خشتەیەكی كاتی بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ئەفغانستان دادەنرا، كە هاوكات دەبوو لەگەڵ خشتەی كاتی چوونەپێشی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا، كە لەبەرانبەردا تاڵیبان بەڵێنێكی ناڕوونی دەدا بەوەی رێگە نادات جارێكی تر ئەفغانستان ببێتە ناوەندی جیهادی جیهانی، هەروەك ڕێكەوتنەكە داوای لە بزووتنەوەی تاڵیبان نەدەكرد، كە پێوەندییەكانی لەگەڵ رێكخراوی ئەلقاعیدە بپچڕێنێت، جگە لەبەڵێندان بەوەی لەكاتی پاشەكشەكردندا پەلاماری هێزەكانی ئەمەریكا نەدەن .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی