هێزە عێراقییەكان ئامادەنین بارەگاكانی پارتی لەكەركوك چۆڵ بكەن

عیراق

14/09/2019‌ 1189 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان پێداگیری دە‌كات لە‌سە‌ر وە‌رگرتنە‌وە‌ی بارە‌گاكانی لە‌كە‌ركوك و ناوچە‌ كێشە‌ لە‌سە‌رە‌كان، بە‌ڵام هێزە‌ ئە‌منیە‌كانی عێراق، كە‌ لە‌دوای 16 ی ئۆكتۆبە‌ری ساڵی 2017 لە‌و بارە‌گایانە‌ جێگیركراون، ئامادە‌نین بارە‌گاكان چۆڵ بكە‌ن.

عە‌دنان كە‌ركوكی ئە‌ندامی ئە‌نجومە‌نی سە‌ركردایە‌تی كە‌ركوك/گە‌رمیانی پارتی، لەو بارەوە بە‌دە‌نگی ئە‌مە‌ریكای راگە‌یاندووە "ناو و ناونیشانی بارە‌گاكانمان ڕادە‌ستی عێراق كردووە‌ تا بۆمان چۆڵ بكە‌ن، بە‌ڵام تا ئێستا چۆڵیان نە‌كردووە‌."

ئەو راشیگەیاند، سە‌عد حە‌ربیە‌ی فە‌رماندە‌ی ئۆپە‌راسیۆنە‌كانی كە‌ركوك نووسراوی ئاراستە‌ی شارە‌وانی كردووە‌، تا بزانێت موڵكییە‌تی ئە‌و بینای ئێمە‌ داوای دە‌كە‌ین، لە‌سە‌ر چی لایە‌ك تاپۆیە‌، دە‌ركە‌وتووە‌ لە‌سە‌ر هیچ لایە‌ك تاپۆ نییە‌، ئە‌مە‌ ئاماژە‌یە‌ بۆ ئە‌وە‌ی نییە‌تی چۆڵكردنی بارە‌گاكە‌یان نییە.

چۆڵكردنی بارە‌گاكانی پارتی، كە‌ ژمارە‌یان دە‌یان بارە‌گایە‌ لە‌ناوچە‌ كێشە‌ لە‌سە‌رە‌كان، یە‌كێكە‌ لە‌ داواكارییە‌كانی ئە‌و حیزبە‌ لە‌ حكومە‌تی عێراق، بە‌ڵام تائێستا عێراق هە‌نگاوی بۆ جێبە‌جێكردنی ئە‌و داوایە‌ نە‌ناوە‌.

كامە‌ران كە‌ركوكی ئە‌ندامی ئە‌نجومە‌نی پارێزگای كە‌ركوك لە‌كوتلە‌ی پارتی وتی: حكومە‌تی عێراق بانگە‌شە‌ی ئە‌وە‌دە‌كات هە‌ندێك لە‌ بارە‌گاكانی پارتی موڵكی دە‌وڵە‌تن.

هەروەها وتیشی: هە‌موو حیزبێك مافی هە‌بوونی بارە‌گای هە‌یە‌، بۆیە‌ پارتی بە‌شداری هە‌ڵبژاردن بكات، بارە‌گای دە‌بێت.

بە‌شێك لە‌ بارە‌گاكانی پارتی لە‌ناوچە‌ كێشە‌لە‌سە‌رە‌كان، بینای گە‌ورە‌ن و لە‌ شوێنی ستراتیژیدان، بۆیە‌ هێزە‌ عێراقییە‌كان و گروپە‌كانی سە‌ربە‌ حە‌شدی شە‌عبی هێزیان تێبردوون.

هـ ـ ح