هەرێمی كوردستان.. تاوانەكانی كوشتن لەژێر پەردەی خۆكوشتن دەشاردرێنەوە

کوردستان

15/09/2019‌ 353 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
حاڵەتەكانی خۆكوشتن بەشێوەیەكی بەرچاو لەهەرێمی كوردستان زیادیكردووە، كە بەشێك لە دادوەرەكان باس لەوە دەكەن، ڕێژەیەكی زۆر لەو رووداوانە بریتین لە تاوانی كوشتن و لەژێر پەردەی خۆكوشتن دەشاردرێنەوە .

دادوەر نازدار میرزا لەدادگای سلێمانی لەو بارەوە دەڵێت: ڕێژەیەكی زۆری دۆسییەكانی خۆكوشتن، كە لەماوەی كاركردنم ئاگاداریان بووم لەبنەڕەتدا تاوانی كوشتن و بوون و پەیوەندیان بە خۆكوشتنەوە نەبووە.
ئەو دادوەرە لەدادگای سلێمانی جەختدەكاتەوە، كە لەماوەی ٢٤ ساڵی كاركردنی لەدادگای سلێمانی ئەوەی بەروونی هەست پێكردووە.

میرزا لە سیمینارێكی تایبەت بە چارەسەركردنی دیاردەی خۆكوشتن، كە لەم دواییە لەسلێمانی بەڕێوەچوو باسی لەوەش كردووە، لەبەر ئەوەی لێكۆلێنەوەكان بەشێوەیەكی گونجاو بەڕێوەناچن، بۆیە ئەوە دەبێتە هۆی بزربوونی هۆكارە سەرەكییەكەی پشت رووداوەكانی خۆكوشتن، ئەویش بەهۆی سوڵحكردن، یان لێخۆشبوون، یان وازهێنان لەسكاڵاكەیان لەلایەن سكاڵاكارەوە.

پێشتریش، زیا پترس سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان باسی لەوە كردبوو، كە تێكرای حاڵەتەكانی خۆكوشتن لەهەرێمی كوردستان لەزیادبوونی بەردەوامدایە، هۆكاری زیادبوونی ئەو دیاردەیەشی بۆ بێكاری‌و نەبوونی دەرفەتی كاری راستەقینە بۆ گەنجان گیرابووەوە، بەتایبەت ئەوانەی دەرچووی زانكۆكانن، ئەوە سەرباری بڵاوبوونەوەی ئاڵوودەبوون بەماددە هۆشبەرەكان و بڵاوبوونەوەی دیاردەی هەڵگرتنی چەكی بێمۆڵەت .

پەترۆس روونیشیكردبوەوە، زۆرینەی ئەوانەی خۆیان دەكوژن لە چینی گەنجانن، كە تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٣٠ ساڵیدایە، بەرپرسیاری ئەو دیاردەیەشی خستبووە ئەستۆی پەرلەمانی كوردستان لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە لەماوەی ساڵانی رابردوو یاساگەلێك دەربكات، كە سنوورێك بۆ ئەو دیاردەیە دابنێت.

لای خۆیشییەوە، پارێزەر سیروان عەبدوڵڵا بەقورسی دەزانێت بوترێت، كە زۆرینەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن بریتین لەتاوانەكانی كوشتن‌و وتیشی: ناتوانرێت نكوڵی لەو حاڵەتانەش بكرێت، بەتایبەت گوندەكان و بەناوچە دوورەدەستەكان.

ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە ژمارەیەك حاڵەتی لەو جۆرە لە شارەكانی هەرێم ئاشكرا كراون، هەروەك جەختیكردەوە، لەحاڵەتەكانی خۆكوشتندا دادوەرەكان تەنیا شایەتی شایەتەكان وەردەگرن و هیچ بانگەشەیەكی تر لەو بارەیەوە وەرناگرن، مەگەر سكاڵایەكی فەرمی لەلایەن كەسوكاری قوربانییەكە هەبێت .

هەر لەو چوارچێوەیەدا فەرمانگەی تەندروستی هەولێر دەڵێت: زۆرینەی ئەو حاڵەتانەی خۆكوشتن، كە بۆ نەخۆشخانەكانی هەرێم دێن بریتین لە بەكارهێنانی چەك، خۆخنكاندن، سووتان، جەختیش دەكاتەوە نەخۆشخانەكان ئەوەی دەتوانن بیكەن بریتییە لەتوێكاری جەستەی قوربانییەكە بۆ زانینی هۆكاری راستەقینەی مردنەكەو دواتر رادەستكردنەوەی بەكەسوكارەكەی دوای تەواوبوونی ڕێوشوێنە ئەمنییەكان لەبنكەكانی پۆلیس .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی