كەلێنێكی ترسناك لەسیستەمی كارپێكردنی "iOS 13" ئاشكرادەكرێت

جیهان

16/09/2019‌ 629 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
پێدەچێت كۆمپانیای "ئەپڵ" بەشێوەیەكی باش سەركەوتوو نەبووبێت لە پاراستنی مۆبایلە ئایفۆنەكانی لە سیستەمی كارپێكردنی نوێی مۆبایلەكەی، كە بەپێی راپۆرتەكان وابڕیارە لەچەند رۆژی داهاتوودا بخرێتەروو.

بەگوێرەی پێگەی "زا ڤیرج"، كە تایبەتە بە هەواڵی تەكنەلۆژی ، لێكۆڵەرێك كەلێنێكی ترسناك لە سیستەمی كارپێكردنی "iOS 13" ئاشكراكردووە، وابڕیارە لە ١٩ی ئەیلوول ئاشكرا بكرێت، بەجۆرێك ئەو بەكارهێنەرە توانیویەتی بێئەوەی پێویست بەزانینی وشەی تێپەڕ بكات بچێتە ناو لیستی ناوەكان.

لێكۆڵەر خۆسیە رۆدریگز لەو بارەوە دەڵێت: دەكرێت لەڕێگای وەرگرتنی تەلەفۆنی "فەیس تایم" بگەیتە ئەو كەلێنە، لەگەڵ سوودوەرگرتن لە سیستەمی یاریدەدەری دەنگی "سیری"، بەڤیدیۆش ئەوە هەنگاوانەی روونكردووەتەوە.

تەنیا بەتەلەفۆنكردن رۆدریگز توانیویەتی بەچەند هەنگاوێكی سادە بگاتە لیستی ناوەكان و هەر زانیارییەكی داكراوی ناوی بەدەستبهێنێت، وەك ناونیشانی پۆستی ئەلیكترۆنی.

لەگەڵ ئەوەی هێشتا سیستەمی كارپێكردنی  "iOS 13" دەرنەچووە، بەڵام نەوەی ئەزموونی سیستەمەكە چەند مانگێكە بەردەستە، ئەوەش مانای وایە هەر كەسێك نەوەی یەكەمی ئەو سیستەمەی دابەزاندبێت دەیتوانی ئەو كەلێنە بقۆزێتەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئەو هەڵەیە كەموكووڕییەكە لە سەلامەتی سیستەمە نوێكە، بەڵام بەراورد بەو كەموكووڕیانەی پێشتر لەكڵۆمدانی شاشەكەدا هەبوو كەمتر مەترسیدارە، وەك سیستەمی "iOS 6.1" ، كە ڕێگەی بە بەكارهێنەر دەدا قفڵی شاشەكە تێپەڕێنێت‌و دەستی بگاتە لیستی ناوەكان و ژمارە و تەنانەت وێنەكانیش.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی