بایک: تورکیا پلانى هەیە لە عەفرینەوە تا کەرکوک بخاتە ژێر دەسەڵاتى خۆیەوە

کوردستان

16/09/2019‌ 486 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هاوسەرۆکى کەجەکە رایدەگەیەنێت تورکیا دەوڵەتی داگیرکەر بۆ ئەوەی کۆمەڵگە تێکبدات لەشفرۆشی بڵاودەکاتەوە، ماددەی هۆشبەر بڵاودەکاتەوە، دزیکردن پەرەپێدەدات، برسیبوون دەسەپێنێت.
جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لە دیدارێکدا لەگەڵ ئاژانسی فوراتنیوز رایگەیاندوە"دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە ئەگەر نەڕووخێنرێن، هیچ کاتێک چارەسەری دروست نابێت و ئاشتی بەرقەڕار نابێت، قڕکردن بەردەوام دەبێت، دەستوەردان بەردەوام دەبێت، دەکوژن و ئەشکەنجە دەکەن، چ شتێک بە ناوی کورد و کوردستان هەبێت، هەوڵی لەناوبردنی دەدەن، ئەگەر چاوێک بە مێژوودا بخشێنین، دەبینین لەسەر ئەو بناغەیە سیاسەتیان کردووە، پێویستە لەوە باش تێبگەین".
بایک ئاماژەى بە دەسەڵاتى ئەردۆغان کرد لەناوچەکەداو باسى لەوە کرد، لەم سەردەمەدا هیچ کەسێک ئەم سیاسەتە بەڕێوەنابات، بە تەنها دەوڵەتی تورکیا (ئاکەپە – مەهەپە) ئەم سیاسەتە بەڕێوەدەبەن، ئۆپەراسیۆنەکان لەبەرامبەر گۆڕەپانی سیاسی، کۆمەڵگای کوردی، گەریلا و شارەوانیەکان، بە تەواوی سیاسەتی فاشیست و قڕکردنی داگیرکەرییە، کوردستان بە یاسای تایبەت بەڕێوەدەبرێت، بە قڕکردن ئیدارە دەدرێت، لەبەرئەوەش پاڕێزگاری داگیرکەر دادەمەزرێنن.
هاوسەرۆکى کەجەکە ناڕەزایەتیەکانى باکورى کوردستان لەدژى دورخستنەوەى سەرۆک شارەوانییەکان بە کەم دەزانێت و دەڵێت"پێویستە بەرخۆدانەکە فراوانتر بکرێت، لەبەرئەوەی فراوان نییە، بە تەنها لە چەند شارێک هەیە، پێویستە لە هەموو شارەکانی تورکیا دەست بە بەرخۆدان بکرێت، لە شارەکانی تورکیاش پێویستە دەست بە بەرخۆدان بکرێت، پێویستە میتینگ، ڕێپێوان و خۆپیشاندانی شەرمەزاری ئەنجامبدرێن، لە کۆڵان و جادەکان  و هەموو دەڤەرێک سیاسەتی دەوڵەت ئیدانە بکرێت، هەڵوێستی ڕاستەقینە بەو شێوەیەیە نەک تەنها لەچەند شارێک یان لەبەردەم ژمارەیەک شارەوانی دانیشن و لیدوان بدەن، ئەوانەش باشن، بەڵام کەمە و بەش ناکات"
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا بایک داوا دەکات کورد لە کوردستان یەکێتیی خۆی بەهێز بکات و خاوەنداری لە زمانی خۆی و لە چاند و رۆشنبیریی خۆی بکات، ئاشکراشى دەکات دەوڵەتی تورکیا بۆ ئەوەی کۆمەڵگە تێکبدات لەشفرۆشی و ماددەی هۆشبەر بڵاودەکاتەوە، بۆیە بە پێویستى دەزانێت  کۆمەڵگەی کورد لە خۆی، لە ناسنامەکەی خاوەنداری بکات، لە دژی لەشفرۆشی، ماددەی هۆشبەر، ئەو شتانەی گەلی کورد لە ناو دەبەن بوەستێتەوە.
سەبارەت بە دەسەڵاتى فراوانخوازى ئەردۆغانیش جەمیل بایک روونیدەکاتەوە، ئەردۆغان دەیەوێت لە عەفرین تاوەکو کەرکوک، کوردستانی ژێردەستی عوسمانی جارێکیتر بخاتەوە ژێر دەستی خۆی، بۆیە داوا دەکات لەبەر ئەوەش هەم گەلی کورد و هەم گەلانی باکووری سوریا دەبێت لە دژی چوونی تورکیا خۆیان ئامادە بکەن، دەبێت بەخۆدانێکی مێژوویی ئەنجام بدەن، ئەگەر بیانەوێت دەتوانن تورکیا بخەنە ناو بیرێکی قوڵ.
س.هـ