عێراق و هیندستان پەیوەندییەکانیان بەرەو پێش دەبەن

عیراق

16/09/2019‌ 114 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆک کۆمارى عێراق جەختی لە پێویستی فراوانکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی لەگەڵ ھندستان کردەوە لە گشت بوارەکاندا، بەجۆرێک کە لەگەڵ پەیوەندییە مێژوییەکان و خواستی ھەردوو وڵاتدا بگونجێت.
بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆمار ئەمڕۆ دوو شەممە لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازیکرد لە وەزیری دەوڵەتی ھندستان بۆ کاروباری دەرەوە ڤێرماڤالی مۆرالی دەھاران و سەبارەت بە گۆڕانکاری و پێشھاتەکانی ناوچەکە و کاری ھاوبەش لە پێناو بەرجەستەکردنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی گفتوگۆکرا.
لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە کە عێراق کار بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیھان دەکات، بەجۆرێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان بکات.
لەلای خۆیەوە وەزیری دەوڵەتی ھندستان بۆ کاروباری دەرەوە، دووپاتی لە گرنگیدانی وڵاتەکەی کردەوە بۆ بەشداری کارای لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و فراوانکردنی ھاریکاری دوو قۆڵی لە بوارە جیاجیاکاندا.

س.هـ