مه‌سرور بارزانی: پێویستە هاوسەنگی لە نێوان داهات و خەرجییەکان هەبێت

کوردستان

16/09/2019‌ 611 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پێویستە حکومەت کار لە سەر ئەوە بکات هاوسەنگی هەبێت لەنێوان داهات و خەرجییەکان بەشێوەیەک لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت.

مه‌سرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ سەرپەرشتی کۆبووەنەوەی لیژنەی کۆکردنەوەی داهاتەکانی کرد و رایگه‌یاند، "پێویستە حکومەت کار لە سەر ئەوە بکات هاوسەنگی هەبێت لەنێوان داهات و خەرجییەکان، بە شێوەیەک لە خزمەتی بەرژەوەندی گشتی و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت".

جەختیشی لەوە کردەوە، "دەبێ دادپەروەری لە خەرجکردنی داهات بۆ ناوچەکانی هەرێمی کوردستان هەبێت، کارو ئەرکی ئێمە بەرگریکردنە لە مافی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان".
 
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی کۆکردنەوەی داهاتەکان و رێکخستنەوەی باج و گومرگەکان و کاراکردنی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان کراوه‌. 
 
بارزانی هاوكات جەختی لە سەر دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتیان کردەوە پێش هاتنی وەرزی زستان، كه‌ پێشتر ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری لێدابوو
ه.م

بەپەلە