خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکی بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان

16/09/2019‌ 815 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیەندراوێکی بڵاوكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند، ئامادەکاری بۆ هەردو پڕۆسەی کۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان دەکات.

خانەى راپەڕاندنى بزوتنەوەى گۆڕان دوای ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ یه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، "پەیوەست بە پەیوەندیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا، کۆبونەوەکە جەختی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیە سیاسیەکانی کردەوە لەگەڵ ھەردو حزبی بەشدار لە کابینەی حکومەتدا. بەهێز کردنی ئەو پەیوەندیانە هۆکارێکی باش دەبن بۆ هاوکاریکردن و بردنە پێشەوەی ئەرکەکانی کابینەکەو بەهێزکردنی گیانی پێکەوە کارکردن و بەجێگەیاندنی ئەجیندای چاکسازی حکومەت".

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، "خانەی راپەراندن، بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەکە ئەکات لە کابینەی حکومەت و دەسەڵاتی خۆجێی، لە پێناو خزمەتی ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی بەرنامەی گۆڕان لە حکومەت، ھەروەھا چاودێریەکی وردی کارەکانیان ئەکات. لەهەمان کاتیشدا پشتگیری تەواوی کابینەی حکومەت ئەکات لە پێناو سەرخستنی بەرنامە چاکسازیەکەی،  بە جۆرێک لە خزمەت باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەهێزکردنی کەرتی ئابوری و ژێرخانی کۆمەڵگاو پرۆسەی چاکسازی و دژایەتی گەندەڵیدا بێت".

دەقى راگەیەندراوەکە:
راگەیەنراوێک لەلایەن خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە

 ئەمڕۆ دوشەمە، ١٦/٩/٢٠١٩ خانەی راپەڕاندن، یەکەمین کۆبونەوەی خۆی ئەنجامدا.

خانەی راپەڕاندن پێش هەمو شتێک سوپاسێکی گەرمی ئەندامانی پێشوی خانە دەکات، کە لە ماوەی دو ساڵی رابردودا، دڵسۆزانە و خەمخۆرانە ئەرکەکانیان بەجێگەیاند. بە هیواین لە ئایندەشدا، پشتیوان و یارمەتیدەری خانە و ھەردو جڤات بن و پێکەوە ئەرکە تازەکانی بزوتنەوەکە ببەینە پێشەوە.

کۆبونەوەی خانە جەختی لەسەر ئەم چەند خاڵەی خوارەوە کرد:

یەکەم: پەیوەست بە پەیوەندیەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا، کۆبونەوەکە جەختی لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندیە سیاسیەکانی کردەوە لەگەڵ ھەردو حزبی بەشدار لە کابینەی حکومەتدا. بەهێز کردنی ئەو پەیوەندیانە هۆکارێکی باش دەبن بۆ هاوکاریکردن و بردنە پێشەوەی ئەرکەکانی کابینەکەو بەهێزکردنی گیانی پێکەوە کارکردن و بەجێگەیاندنی ئەجیندای چاکسازی حکومەت.
لەهەمان کاتدا بە گرنگی دەزانین پەیوەندی پتەوی دۆستانەمان لەگەڵ هێزەکانی تری دەرەوەی کابینە، کە ساڵانێک هاوکار و هاوپەیمانی یەکتر بوین، پەرە پێبدەین و پتەوتری بکەین و راوێژ و گفتوگۆی بەرهەمهێنەری بەسودمان لەگەڵیاندا هەبێت.

دوەم: خانەی راپەراندن، بەهەمو توانایەوە پشتگیری نوێنەرانی بزوتنەوەکە ئەکات لە کابینەی حکومەت و دەسەڵاتی خۆجێی، لە پێناو خزمەتی ھاوڵاتیان و جێبەجێکردنی بەرنامەی گۆڕان لە حکومەت، ھەروەھا چاودێریەکی وردی کارەکانیان ئەکات. لەهەمان کاتیشدا پشتگیری تەواوی کابینەی حکومەت ئەکات لە پێناو سەرخستنی بەرنامە چاکسازیەکەی،  بە جۆرێک لە خزمەت باشترکردنی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیان و بەهێزکردنی کەرتی ئابوری و ژێرخانی کۆمەڵگاو پرۆسەی چاکسازی و دژایەتی گەندەڵیدا بێت.

سێیەم: پەیوەست بە ناوخۆی بزوتنەوەکەوە، خانەی راپەڕاندن جەختی لەسەر واڵا کردنی هەمو دەرگاکان بەسەر هەمو ئەو هەڵسوڕاوە دڵسۆزانەی گۆڕان کردەوە، کە رەخنەو تێبینیان هەیە، یان بە هۆکاری جیاوازەوە دورکەوتونەتەوە لە کاروباری بزوتنەوەکە. گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەو هەڵسوڕاوانەو هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی گۆڕانخوازانە بۆ پێکەوە کارکردن، لە سەرەکیترین ئەرکەکان و کارنامەی خانەی نوێ دەبێت.
خانە بە گوێرەی دەستوری بزوتنەوەکەو راسپاردەکانی هەردو جڤات، لە نزیکترین ماوەدا، ئامادەکاری بۆ هەردو پرۆسەی کۆنفرانسی نیشتیمانی و هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان ئەکات.
هاوکات بە گوێرەی پلانێکی تۆکمە، کار لەسەر بەهێزکردنی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەکە ئەکات، بەتایبەت دانان  وھەڵبژاردنی رێکخەرو ئەندامی ژورەکان و  باژێڕوانەکان، بە ئاراستەی بەهێزکردنی دامەزراوەی ناوخۆیی گۆڕان بۆ راپەڕاندنی ئەرکە گرنگ و هەستیارەکانی قۆناغی داهاتوی بزوتنەوەکەمان.


لە کۆتاییدا بزوتنەوەی گۆڕان جارێکی تر جەخت لەسەر پابەند بون بە پرەنسیپە بناغەییەکانی بزوتنەوەکە دەکات لە پێناو عەدالەت و چاکسازی و ئازادیەکان و دژایەتی گەندەڵی و بە سیستەم کردنی دەزگاکان و کارکردنی بێوچان لە پێناو باش کردنی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان.

خانەی راپەڕاندن / بزوتنەوەی گۆڕان
2019/9/16