نزیكەی ٢٥٨ ملیۆن منداڵ و هەرزەكار لە مافی خوێندن بێبەشن

جیهان

17/09/2019‌ 1111 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەروەردە و فێركردن و رۆشنبیری (یونیسكۆ) رایگەیاند، لەماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵی رابردوودا بەرەوپێشچوون لەبواری پەروەردە و فێركردن زۆر كەم بووە، ئەگەر نەگوترێت هەر نەبووە.

بەگوێرەی داتاكانی "پەیمانگای یونیسكۆ بۆ سەرژمێری"،  لەسەر ئەو منداڵانەی نەچوونەتە بەر خوێندن، ئەوە لەساڵی ٢٠١٨ نزیكەی ٢٥٨ ملیۆن منداڵ و هەرزەكار و گەنج  لەسەر ئاستی جیهان لە مافی خوێند بێبەش بوون، كە ئەوەش شەش یەكی هەموو ئەو منداڵانە دەكات‌و لەتەمەنی خوێندندان ( ٦ بۆ ١٧ ساڵی ).

ڕێكخراوەكە راشیگەیاند، ئەوەی جێگای نیگەرانییە ئەوەیە بەهۆی نەگرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و بەپەلە نزیكەی ١٢ ملیۆن منداڵی قۆناغی سەرەتایی پێیان نەچۆتە بەر خوێندن.

ئەو داتا نوێیانەی پەیمانگای یونیسكۆ بۆ سەرژمێری دوای هەفتەیەك دێت لەگرێدانی كۆبوونەوەیەكی ئەنجوومەنی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ سەیركردنی ئەو بەرەوپێشچوونانەی بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانی پەرەپێدانی بەردەوامی ڕێكخراوەكە بەدیهاتوون.

داتا نوێكانی یونیسكۆ  ئەوانەی پەیوەست بەو منداڵانەی نەچوونەتە بەر خوێندن جەخت لەو پێشبینیانە دەكاتەوە، كە لەم دواییە ئاشكرا كراو باسی لەوە دەكرد لەژێر سایەی ئەو بارودۆخەی ئێستا تاساڵی ٢٠٣٠ لە هەر شەش منداڵ یەكێكیان لەدەرەوەی قوتابخانە سەرەتایی و ناوەندییەكاندا دەمێنێتەوە، هەروەك لە ١٠ گەنج تەنیا شەشیان دەتوانن خوێندنی ئامادەیی تەواو بكەن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی