ئێران بەموشەكی كوروز هێرشی كردووەتە سەر ئارامكۆی سعودییە

جیهان

17/09/2019‌ 2544 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاشكرایكرد، ئێران فڕۆكەی بێفرۆكەوان‌و موشەكی كروزی بەكارهێناوە بۆ پەلاماردانی دوو پاڵاوگەی نەوتی سەر بە كۆمپانیای ئارامكۆی سعودییە لە رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە.

تۆڕی هەواڵی "ئەی بی سی نیوز"ی ئەمەریكی لەسەر زاری بەرپرسێكی دیاری ناو ئیدارەی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا گواستوویەتییەوە، (كە نەیویستووە ناوی خۆی ئاشكرابكات)، ئێران بە ١٢ موشەكی كرووز و ٢٠ فرۆكەی بێفرۆكەوان هێرشەكەی ئەنجامداوە.

هەروەها بەگوێرەی ئاژانسی "ئەسۆشیەیتد پرێس"ی ئەمەریكی، بەرپرسە ئەمەریكییەكان، كە داوایان كردووە ناوەكانیان ئاشكرانەكرێت ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە بەپێی هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەكان بۆ وێنەی مانگە دەستكردەكان، دەردەكەوێت ئێران بەرپرسی ئەو هێرشانەیە بۆسە پاڵاوگە نەوتییەكانی سعودییە.

ئەو بەرپرسانە راشیانگەیاندووە، زانیارییە هەواڵگرییەكان دەریدەخەن، كە قەبارەی هێرشەكان لەگەڵ جۆری ئەو هێرشانە نایەتەوە، كە دەكرێت لەیەمەنەوە ئەنجام بدرێن، بەڵكو زیاتر لەگەڵ ئەو هێرشانە دێتەوە، كە لەئێرانەوە كرابن نەك یەمەن، بێئەوەی وردەكاری زیاتر لەو بارەیەوە باس بكەن.

رۆژی شەممە، دەسەڵاتی سعودییە رایگەیاند، لەڕێگای فڕۆكەی بێفرۆكەوانەوە هێرش كراوەتە سەر دوو پاڵاوگەی نەوتی سەر بەكۆمپانیای ئارامكۆ لە رۆژهەڵاتی شانشینی سعودییە.

لای خۆشیانەوە "حوسییەكان"ی لایەنگری ئێران رایانگەیاند، ئەوان بەرپرسن لە بەئامانجگرتنی هەردوو پاڵاوگەكە و هێرشەكەشیان لەڕیگای ١٠ فڕۆكەی بێفرۆكەوانەوە ئەنجام داوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی