یەدەگی بانكی ناوەندی لەدراوی قورسی عێراق گەیشتووەتە ٨٧ ملیار دۆلار

عیراق

17/09/2019‌ 634 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری دارایی دەڵێت: یەدەگی بانكی ناوەندی عێراق لە دراوی قورس گەیشتووەتە ٨٧ ملیار دۆلارو باس لەوەش دەكات، قسەكردن لەسەر بوونی كورتهێنان لە بودجە تەنیا گریمانەیە.

ساڵح لەلێدوانێكدا دەشڵێت: جگە لە یەدەگی بانكی ناوەندی و حكومەت، كە بە ٨٧ ملیار دۆلار دەخەمڵێنڕێت، نزیكەی ١٢-١٣ ملیاردۆلاریش دراوی زیادە هەیە لەكاتێكدا هێشتا ئێمە لە چارەگی كۆتایی ساڵین.

راوێژكارەكەی سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری دارایی هەروەها دەڵێت: دارایی گشتی بەگوێرەی كارە لەپێشینەییەكانی خەرجدەكرێت، وەزارەتی دارایش كۆنترۆڵی خەرجییەكان دەكات‌و دەزانێت كامە بوارە گرنگە بۆئەوەی تێیدا خەرج بكرێت.

هەروەها جەختیش دەكاتەوە بودجەی ساڵی ٢٠١٨ نزیكەی ٢٠ تریلیۆن دینار ماوەتەوە .

ئەو باسی لەوەش كردووە، ئەو كورتهێنانی داراییەی باسی لێوە دەكرێت تەنیا گریمانەییە و راستی نییە، راستە وەزارەتەكان داواكریگەلێكی زۆریان پێشكەش كردووە، بەڵام وەزارەتی دارایی بەگوێرەی باری دارایی ئێستا و گرنگی و پێوستی داواكرییەكان خەرجی بۆ دابین دەكرێت.

لەمانگی نیسانی ٢٠١٩ بانكی ناوەندی عێراق رایگەیاند، كە یەدەگی بانكی ناوەندی لە دراوی بیانی گەیشتووەتە ٦٢ ملیار دۆلار .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی