وردەكاری ڕێككەوتنی بارزانی‌و نوجەیفی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگای نەینەوا و دابەشكردنی پۆستەكان

عیراق

17/09/2019‌ 1384 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
سەرچاوەیەكی ئاگاداری كوردی باس لەوردەكاری رێكەوتنێكی نوێ دەكات لەنێوان پارتی دیموكارتی كوردستان و بەرەی رزگاكردن بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجەیفی بۆ دانانی سنوورێك بۆ باڵادەستی پارتەكانی نزیك لەئێران لە نەینەوا و ناوچە كێشەلەسەرەكان .

ئەو سەرچاوەیە، كە داوای كردووە ناوەكەی ئاشكرا نەكرێت لەلێدوانێكدا وتی: بەرەی رزگاركردن بەسەرۆكایەتی ئوسامە نوجەیفی لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوەو خودی مەسعود بارزانییەوە پشتیوانی دەكرێت.

سەرچاوەكە وتیشی: رێكەوتنێكی رانەگەیەنراو لەنێوان هەردوولا هەیە بۆ ئەوەی لەدوای هەڵبژاردن هاوپەیمانی دروست بكەن و پۆستەكانی پارێزگای نەینەوا لەنێوان خۆیاندا دابەش بكەن.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا سەرچاوەكە وتی: لەیەك تێگەیشتنێك هەیە بۆ ئەوەی دەستەبەری ئەوە بكرێت تا لەهەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا دەنگی ئەو دوو لایەنە پەرش و بڵاونەبێت چەند پاڵێوراوێكی دیاریكراو بۆ چەند جێگایەكی ناوچە كێشەلەسەرەكان دابنرێت.

هەروەها سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەش كرد، كە ئەو رێكەوتنە لەژێر چاودێری ئەمەریكییەكان كراوە و وەك هەوڵێكە بۆ رووبەڕووبوونەوە و دانانی سنوورێك بۆ هەژموون و باڵادەستی پارتەكانی نزیك لە ئێران لە پارێزگاكە .

رۆژی ١٤ی ئەیلوولی ٢٠١٩ لەشاری بەغدا، ئوسامە نوجەیفی سەرۆكی هاوپەیمانی بڕیاری عێراقی پارتێكی نوێی بەناوی بەرەی رزگاركردن و پەرەپێدان راگەیاند  و كۆنگرەی یەكەمیشی بە بەشداری چەندین كەسایەتی سیاسی و ئەكادیمی و سەرۆك هۆز و نوێنەری ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بەست .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی