ئارامكۆ چەند مانگێكی پێویستە بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی ئاسایی بكاتەوە

جیهان

17/09/2019‌ 432 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ئەو هێرشانەی كرایە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ نیوە دابەزی‌و گەیشتە ٥،٧ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە .

ئاژانسی "رۆیتەرز" لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە گواستوویەتییەوە، كە كۆمپانیای نەوتی ئارامكۆی سعودییە بۆ ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی بگەڕێتەوە ئاستی سروشتی خۆی پێویستی بەچەند مانگێكە، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی ئەو هێرشەی كرایە سەر دوو پاڵاوگەی نەوتی كۆمپانیاكە توانای بەرهەمهێنانی بۆ نیوە دابەزی.

لەسەر ئەو زیانانەش بەهۆی هێرشەكانەوە بەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییە كەوتووە، یەكێك لەو سەرچاوانە رایگەیاندووە "هێشتا بارودۆخ خراپە".

هەرچی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ی ئەمەریكییە نووسیویەتی: سعودییە پێویستی بە چەند هەفتەیەكە بۆ ئەوەی توانای بەرهەمهێنانی دامەزراوەكان بگەیەنێتەوە ئاستی سروشتی خۆی .

لەلایەكی ترەوە كۆمپانیای راوێژكاری  " Energy Aspects "  مەزەندەی كردووە سعودییە لەماوەیەكی نزیكدا توانای ئەوەی هەبێت نیوەی توانای بەرهەمهێنانی خۆی بگەڕێنێتەوە .

دوای هێرشەكەی رۆژی شەممەی حوسییەكانی لایەنگری ئێران بۆسەر كۆمپانیای نەوتی سعودییە بازاڕی نەوتی جیهان تووشی پشێوی هات و نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی