بەرهەم ساڵح سەرپەرشتی هەوڵەكانی هەولێرو بەغدا بۆ گەیشتنە رێككەوتن دەكات

عیراق

17/09/2019‌ 1179 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق سەرپەرشتی ئەو هەوڵانە دەكات، كە لەئێستادا لەنێوان هەولێرو بەغدا هەیە بۆ گەیشتنە رێككەوتن‌و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان.

بەرهەم ساڵح ئەمڕۆ سێ‌ شەممە بەسەرۆكایەتی شاندێكی عێراقی، كە وەزیری دارایی عێراقیش ئەندامە تێدا، سەردانی هەولێر دەكات‌و بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە بكات.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق دراوە بەشارپرێس، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران‌و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرهەم ساڵح سەرپشك كراوە سەرپەرشتی هەوڵەكانی هەولێرو بەغدا بۆ رێككەوتن بكات.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، بەرهەم ساڵح‌و شاندەكەی عێراق بۆ پرسی رادەستكردنی داهاتی نەوتی هەرێم بە بەغدا گفتوگۆ لەگەڵ لایەنی هەولێر دەكەن‌و ئامانجیانە لەسەر ئەو پرسانە بگەنە رێككەوتن.

سەردانی شاندەكەی بەغدا بۆ هەولێر لەكاتێكدایە، لەئێستا شاندێكی هەرێمی كوردستان لەشاری بەغدان‌و بڕیارە لەسەر چەند پرسێك لەگەڵ بەرپرسانی عێراقی گفتوگۆ بكەن.

هەرێمی كوردستان‌و عێراق چەند ساڵێكە كێشەو ئاڵۆزی لەسەر نەوت‌و بودجە لەنێوانیان هەیەو بەم دوایانەش دەست بەچەند هەوڵێك كراوە بۆ ئەوەی هەردوولا بگەن بەرێككەوتنێك.

هـ ـ ح