هێرشەكەی سعودییە.. پشووی كۆتایی ئەم هەفتەیە بۆ جیهان ئاسایی نابێت

جیهان

17/09/2019‌ 3570 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوور لەو هێرشەی كرایە سەر شوێنێكی نەوتی سعودییە، سایمۆن هندرسۆن، شارەزا لەپەیمانگەی واشنتۆنی پسپۆر لەلێكۆڵینەوەی رۆژهەلاتی ناوەڕاست دووپاتیدەكاتەوە ئێران دەربارەی چۆنییەتی هەڵسوكەوت كردن لەگەڵ ئەمریكادا فێری زۆر شت بووە.

ناوبراو وای دەبینێت هێرشە هەماهەنگەكانی ئەم دوایە لە رێگەی فرۆكەی بێفرۆكەوانەوە بووەتە مایەی مەترسی لەسەر ئاستی جەنگی فرۆكە بێفرۆكەوانەكان.

هندرسۆن دوو پایەی داناوە لە شیكردنەوەیدا بۆ رژێمی ئێستای ئێران‌و بە دوو راستی بنەڕەتی وەسفی كردوون، كە یەكەمیان دەڵێت: دوژمنایەتی ئەمریكا بنەڕەتییە، دووەمیان ئەوەیە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران پێویستە بۆ زامنكردنی ئایندەی كۆماری ئیسلامی ئێران. 

ئەو دەشڵێت: پێویستە ئەوە بهێنینەوە یاد هیچ رژێمێك لە دەسەڵات لانەدراوە ئەگەر چەكی ئەتۆمی هەبووبێت، ئەگەر بێت هەر دەوڵەتێكیش دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەكەی بێت، هەروەك موعەمەر قەزافی كردی، ئەوا ئایندەی دەكەوێتە مەترسییەوە.

دەربارەی دۆخی ئێستای كەنداو، ئەو پێیوایە لە كۆتایدا دیدگای ئێرانی ئەوەیە ئەگەر بێت و ئێران نەتوانێت  نەوت هەناردە بكات، ئەوا ولاتانی تری كەنداویش ناتوانن نەوت بفرۆشن.

شارەزاكە جەختی لەوە كردووەتەوە، ئەوەی لەم سێ مانگو نیوەدا هاتووەتە ئاراوە بریتییە لە تێكدانی نەوت هەڵگرەكان لەلایەن ئێرانەوە و هێرشكردنی تارانە بە فرۆكەی بێ فرۆكەوان بۆ سەر هێڵە سەرەكییەكانی گواستنەوەی نەوتی سعودییە، ئەمەش وەك كاردانەوەیەك لە بەرانبەر ئەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراوە.

راپۆرتەكە باسی ئەوە دەكات، فڕۆكەیەكی بێ فرۆكەوانی ئەمریكا خرایە خوارەوە، ئەمریكا گورزێكی هاوشێوەی نەوەشاندو لەچركەكانی كۆتاییدا بەرنامەكەی راگرت.

هندرسۆن پرسیاری ئەوە دەكات، سعودییەی هاوپەیمانی ئەمریكا چۆن هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم هێرشەدا دەكات؟ ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە شازادەی جێنشن محەمەد بن سەلمان وای دەبینێت ئێران مەترسییەكی راستەوخۆیە بۆ سەر وڵاتەكەی، ناشتوانێ هەڵسوكەوتی لەگەڵدا بكات مەگەر لە رێگەی سەرپەرشتیكردنی خۆپیشاندانێكی چەكدارانەوە بۆ لەسەر كار لادانی رژێمی تاران.

سەبارەت بە ئەگەری كاردانەوەكانی ئەمریكا، هندرسۆن وای داناوە تاران گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی ترامپ رقی لەسەركێشییە، یاخود رەنگە لادانی بۆلتۆن لەلایەن سەرۆكەوە جورئەتی ئەوانەی زیاد كردبێت، كە لە بازنەی خامنەییدا دەخوڵێنەوە، یاخود هیوای ئەوەیان هەیە لە هەڵبژارنەكانی 2020 دا ترامپ دەرنەچێت‌و كەسێكی دیموكراتی جێگای بگرێتەوە و زیاتر لەگەڵ ئێراندا گونجاو بێت.

شارەزا ئەمریكییەكە، ئەو هێرشەی كرایە سەر سعودییە وەها وەسف دەكات بە رێژەیی تایبەتمەندی سادەی تەكنەلۆژی هەبووە، جا ئەگەر بە هۆی رۆكێتەوە بوبێت یاخود فرۆكەی بێفرۆكەوان، هەروەها وێرانكەر بووە لە رووی كاریگەرییەوە، گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەشی پێویستە چاو بخشێنرێتەوە بە بودجەكانی بەرگری، كە ملیارەها دۆلاری بۆ تەرخان كراوە لە رووی نرخ و بەهاكەیەوە.

هەروەها پێیشیوایە هێرشەكانی ئەم دواییە سودی بۆ ئەمریكا هەیە، سودەكەش خۆی لە بەرزبونەوەی نرخی نەوتدا دەبینێتەوە وا دەكات بەردی زەیتی لۆكاڵی بقۆزێتەوە، كە قازانجی زۆر زیاترە.

لە كۆتاییدا هندرسۆن دەڵێت: هێرشەكەی سەر بەقیق لەلایەنی تەكنەلۆژیای سەربازییەوە وەك ئەوە وایە تۆپهاوێژی یەك لەدوای یەك بخرێتە مێژووەوە، هێمای بۆ ئەوەش كردووە بەشێوەیەكی گشتی پشووی كۆتایی ئەم هەفتەیە نائاسایی دەبێت بۆ وڵاتانی جیهان.

سەرچاوە:Washington institute 
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا