بڕیارێکى عادل عەبدولمەهدى لەبارەى کەرکوکەوە یەکێتى نیگەران دەکات

عیراق

17/09/2019‌ 7554 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

بڕیارێکى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەبارەى تۆمارى دەنگدەرانى کەرکوکەوە یەکێتى نیگەران دەکات و دەزگاى هەڵبژاردنى ئەو حزبەش داواى پێداچونەووەى بریارەکە دەکات.

دواى ئەوەى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڕیاریدا بە پێکهێنانى لیژنەیەک بەمەبەستى پێداچوونەوە بە تۆمارى دەنگدەرانى پارێزگاى کەرکوک کە سەرجەم ئەندامانى لیژنەکە لە پێکهاتەى عەرەبن یەکێتى نیشتیمانى کوردستان نیگەرانى خۆى لەو بریارە راگەیاندوە.

بڕیار رەشید وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتى لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندوە"ئاشکرایە لای هەمووان کە یاسای ژمارە ( ١٤ ) ی ساڵی ٢٠١٩ی هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق ژمارە ( ١٢ ) ی ساڵی ٢٠١٨، لەماددەی ( ١٢ )دا هەمواری ماددەی ( ٣٥ ) ی یاساکە دەکات بە زیادکردنی دوو بڕگەی ( حەوتەم و هەشتەم ) بۆ ئەو ماددەیە کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان پابەند دەبێت بە وردبینی و هاوتاکردنی تۆماری دەنگدەرانی پارێزگای کەرکوک، بە پشت بەستن بە فۆرمی خۆراک و ناسنامەی باری شارستانی لەماوەیەکی دیاریکراودا کە لە ٣١/١٢/٢٠٢٠ دا کۆتایی دێت، کە بە هاوتاکردنە سەرجەم ئەو ناوانەی جیاوازیان هەیە لەهەردوو تۆمار لادەبرێت لەتۆماری دەنگدەران جگە لەو ناوانەی کە لە لیژنەی بەدواداچوونی ڕاستیەکان کێشەیان نەبووە بەپێی ماددەی ( ١٤٠ ) دەستوری عیراقی".

ئاماژەى بەوە کردوە،  ئەوەی مایەی نیگەرانییە، دەرچواندنی فەرمانێکی دیوانیی ژمارە ( ١٤ ) ٢٦/٨/٢٠١٩ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقەوە بەپێکهاتنی لیژنەیەک بۆ ئەو مەبەستەی لەیاساکەدا ئاماژەی پێ کراوە، سەرجەمیان لەپێکهاتەی عەرەبین، دەبوو لایەنی کەم بەڕێوەبەری ئۆفیسی کەرکوکی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی ماددەی ( ١٤٠ ) ی دەستوری عیراقی تێیدا ئەندام بوایە یاخود نوێنەری کورد و تورکمان و کلدان و ئاشوری پێکهاتەکانی تری ئەو شارەی تێدا بوایە.

 وتەبێژی دەزگاى هەلبژاردنى یەکێتى رووینکردوەتەوە، ئەم بڕیارە دیوانیە سەرپێچی بڕگەی حەوتەمی ماددەی ( ٣٥ ) ی یاسای ناوبراو دەکات بەدیاریکردنی ماوەی ٦٠ رۆژ بۆ جیبەجێکردنی پرۆسەی ووردبینی و هاوتاکردنی ناوەکان لەتۆماری دەنگدەران کە یاساکە ٣١/١٢/٢٠٢٠ دیاری کردووە.
هەروەها یەکێتى داواشی لەسەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کردوە پێداچوونەوە لە پێکهێنانی ئەو لیژنەیەدا بکات و بەشێوەیەک نوێنەری سەرجەم پێکهاتەکانی شاری کەرکوک تێیدا بێت بۆ پاراستنی ئارامی و پێکەوە ژیان لەو شارەدا.
س.هـ