شارپرێس زانیاری له‌باره‌ی گفتوگۆكانی نێوان به‌غداد و هه‌رێمی كوردستان بڵاوده‌كاته‌وه‌

عیراق

17/09/2019‌ 5299 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تا دێت گفتوگۆكانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌غداد چڕ ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌مڕۆ گه‌ڕێكی دیكه‌ دانوستانیان له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوانیان ئه‌نجامدا، به‌ڵام به‌پێی وته‌ی سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار "هێشتا نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ هیچ رێككه‌وتنێك".

سەرچاوەیەکى ئاگادار لەبارەى رێککەوتنى هەرێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق بە شارپرێس-ی وت، "تا ئێستا هیچ گۆڕانکارییەک بۆ چونە پێشەوە لە رێککەوتنى نێوان هەرێم و بەغداد دروست نەبووە، بۆیە ئەگەرى هەیە گفتوگۆکانى نێوانیان بگه‌نه‌ بن بەست".

ئەو سەرچاوەیە وتیشى، "هەرێمی كوردستان تا ئێستا ئامادەنییە بەڵێنى رادەستکردنى ئەو بڕە نەوتە بدات بە بەغداد، كه‌ له‌ بودجه‌ی ساڵی 2019 دا بۆی دیاركراوه‌"، ئەمەش لەکاتێکدایە سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران رایگه‌یاند، لایەنەکان نزیکبونەته‌وە لە چوارچێوەیەک بۆ رێککەوتن.

له‌ بودجه‌ی 2019ی عێراقدا پشكی كورد به‌ له‌سه‌دا 14.67 دیاریكراوه‌، له‌به‌رامبه‌ر راده‌ستكردنی بڕی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت به‌ به‌غداد، به‌ڵام تا ئێستا هیچ بڕه‌ نه‌وتێك راده‌ستی حكومه‌تی عێراق نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ نزیكه‌ی مانگێكی دیكه‌ پڕۆژه‌ بودجه‌ی 2020ی عێراق ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ گفتوگۆكردن.

به‌هۆی راده‌ستنه‌كردنی نه‌وتی دیاریكراو له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌، به‌غدا مانگانه‌ 522 ملیار دینار بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كات، به‌ڵام پێناچێت گره‌نتی ئه‌وه‌ هه‌بێت له‌ ساڵی ئاینده‌دا ره‌وانه‌كردنی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌رده‌وام بێت، ئه‌وه‌ش به‌هۆی فشاری به‌شێك له‌ فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق كه‌ داوا ده‌كه‌ن هه‌رێمی كوردستان نه‌وت راده‌ستبكات ئه‌وكات وه‌زاره‌تی دارایی عێراق مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بنێرێت.

هاوكات د. دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێم رایگه‌یاند، "لە ساڵی 2020 نزیك دەبێنەوە و هەموو كۆبونەوەكانیش بۆئەوەیە كە بتوانین لە بودجەی ساڵی 2020 كێشەكان چارەسەر بكرێن بەتەواوی  بۆئەوەی بگەین بە رێككەوتن، خۆشبەختانە نزیك بونەوەی زۆر باش هەیە لەنێوان هەردوولا بەشێوەیەك لەبودجەی ساڵی 2019 رێكەوتنێك هەبوو لەنیوانمان و كێشەلە 250 هەزار بەرمیل نەوتەكە بوو هەرێم نەوتەكەی نەناردو بەغداش پارەكەی بەزیادەوە رەوانەكرد".

وەزیری پلاندانان وتیشی، "بۆ تێپەراندنی پرۆژە یاسایی بودجەی سالی 2020 هەموو هەوڵێك بۆئەوەیە ئەو كێشانە نەمێنن بەشێوەیەك نەوت بنێردرێت یانا چارەسەرەكە بەتەواوی بێت بۆئەوەی پارەكە بەتەواوی بنێردرێت كە مووچەی پێشمەرگە و بودجەی پەرەپێدان وشایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان لەخۆ دەگرێت".

لەبارەی نیازپاكی هەرێم بۆ رێكەوتن لەگەڵ بەغداد دارا رەشید وتی، "هەر لەسەرەتایی كابینەی نۆیەم هەرێم جدی بوو لەسەر ئەوەی لەگەڵ بەغداد بگات بە چارەسەر كە لەیەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران  و دواتر وەفدێكی باڵا بەسەرۆكایەتی سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت سەردانی بەغدایان كرد و نیەت پاكی خۆمانی نیشاند بۆیان كە وەك حكومەتی هەرێم ئامادەین بۆ رێككەوتن".
ه.م