گومان لە توانای روسیاو ئەوروپا بۆ نیشتنەوە لەسەر مەریخ هەیە

جیهان

18/09/2019‌ 810 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
واپێدەچێت سەرنەكەوتنی نموونەی رووسی –ئەوروپی لە تاقیكردنەوەی سیستەمی پەرەشووتی یەكەی نیشتنەوە لەوێستگەی ExoMars-2020 هەڕەشە بێت بۆ دواخستنی ناردنی تیمێك لەلایەن روسیا و ئەوروپاوە بۆ هەسارەی مەریخ.

پێگەی ArsTechnica ی ئەمەریكی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە بەپستبەستن بە سەرچاوە تایبەتەكان ، جگە لە دوو شكستی تاقیكردنەوەی سیستەمی پەرەشووتەكان لە مانگی ئابدا، تاقیكردنەوەی سێیەمیش شكستیهێناوە، بەڵام ئاشكرا نەكراوە.

بەپێی پێگەكە، لەماوەی ٦٠ ساڵی رابردوودا ٢١ هەوڵ بۆ نیشتنەوە لەسەر مەریخ دراوە، بەڵام تەنیا هەشتیان سەركەوتوو بوون، كە هەمووشیان هی ئاژانسی "ناسا"ی ئەمەریكی بوون.

تاقیكردنەوەی دوای سیستەمی پەرەشووتەكانی ExoMars-2020 ، كە لەمانگی ئاب و لە گۆڕەپانی "ئیسراج" بۆ تاقیكردنەوەی موشەك لە سوید ئەنجامدرا شكستیهێنا، بەشێوەیەك پەرەشووتەكە چەند كیلۆمەترێك بەرزبووەوە، بەڵام لەكاتی نیشتنەوەیدا تێكشكا.

یەكەی نیشتنەوەی Schiaparelli نێردەی ExoMars-2016   لە مانگی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٦ لەكاتی هەوڵی نیشتنەوەی لەسەر رووی مەریخ و بەهۆی وەستانی بزوێنەری راگرتنی خێرایی بەهۆی هەڵەیەكی سیستەمی كۆنترۆڵكردن تێكشكا.

وابڕیارە ExoMars-2020 ساڵی داهاتوو بنێردرێت بۆسەر مەریخ، بۆ ئەمەش روسیا موشەكی "پرۆتۆن –ئێم"و یەكەی دابەزاندن‌و یەكەی نیشتنەوەی ئامادە كردووە لەگەڵ ئامێری گالیسكەیی سەر مەریخ، هەرچی ئیدارەی ئاراستەكردنی سیستەمی نێردەكە لەلایەن ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپییەوە دەكرێت، هەروەك دوای نیشتنەوەی گالیسكەكە لەسەر مەریخ ئیدارەكردنی دەدرێتە دەست دامەزراوەی "روس كۆسمۆس"ی روسی.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی