شارپرێس دواین زانیاری لەبارەی گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا بۆ گەیشتنە رێككەوتن بڵاودەكاتەوە

عیراق

18/09/2019‌ 2669 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس تائێستا گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەسەر پرسی نەوت‌و بودجە نەچووەتە پێشەوە، بەوەی هەرێمی كوردستان رازی نەبووە ئەو بڕە نەوتەی دیاریكراوە رادەستی كۆمپانیای سۆمۆی بكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، دوو رۆژە شاندێكی عێراقی بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق‌و ئەندامییەتی فوئاد حوسێن وەزیری دارایی لەشاری هەولێرو رۆژی سێ‌ شەممە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوەو ئەمڕۆش چوار شەممە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت كۆبوونەوەو بڕیارە كۆبوونەوەی تریش ئەنجامبدەت.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كە شارپرێس لەزیاتر لەسەرچاوەیەكەوە دەستیكەوتووە، بەشێك لەئامانجی سەردانەكەی سەرۆك كۆمار ئەوەیە، كە هۆشداری بدات لەوەی ئەگەر هەولێرو بەغدا رێككەوتن نەكەن ئەوا ئەگەری ئەوەهەیە لەبودجەی گشتی 2020ی عێراق پشكی هەرێمی كوردستان وەك ساڵی ٢٠١٩ نەبێت‌و پرسی كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم جارێكی تر دروستببیتەوە.

لەبودجەی گشتی ساڵی 2019ی عێراق موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەجیا دانراوەو پەیوەندی نەبوو بە رادەستكردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، بۆیە بەغدا مانگانە موچەی فەرمانبەرانی دەنارد، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەولێر داهاتی 250 هەزار بەرمیلی رۆژانەی رادەست نەدەكرد، ئامادەنەبوو بودجەی هەرێم بنێرێت.

زانیارییەكانیش باس لەوەش دەكەن، كە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی نوێش نەوت رادەست ناكات، بەڵام دەیەوێت وەك 2019 بەغدا موچەی فەرمانبەران بنێرێت، بەڵام لایەنە عێراقییەكان ئەوە رەتدەكەنەوە.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، كە لەپرسی رادەستكردنی نەوت لەناو پارتی دیموكرات، كە لایەنی دەسەڵاتداری هەرێم دوو ئاراستەی هەیە و لایەكیان دەیانەویت ریككەوتن بكەن، كە ئەمەش مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەت پشتیوانی ئەم رایە دەكات، بەلام ئاراستەكەی تر بە بەهانەی ئەوەی شكۆی هەرێم دەشكیت نایانەویت نەوت رادەستی بەغداد بكەنەوە. 

هەندێك لە چاودیران لایان وایە ئەم پرسە پەیوەندی بەكێشە ناوخۆییەكانی پارتییەوە هەیە و لەژیر كاریگەری سیاسەتی هەرێمی بەتایبەتی توركیا ئەو گرفتانە دروستبووە.

مەرجی بەغدا بۆ ناردنی بودجەو موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوەیە، هەولێر رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات، كە چەند ساڵێكە ئەوە كێشەیە لەنێوان هەردوولا.

هـ ـ ح

بەپەلە