وەزیرێكی هەرێم رەتیدەكاتەوە داوا لەبەغدا كرابێت تەنیا بودجەی سلێمانی رەوانە بكات

عیراق

18/09/2019‌ 787 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دارا رەشید وەزیری پلاندنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە، كە باس لەوە دەكەن كە دوا لە بەغدا كرابێت كە لە بودجەی فیدراڵی ساڵی ٢٠٢٠ پشكی سلێمانی بەجیا لەبودجەی هەرێمی كوردستان بنێردرێت.

دارا رەشید لەلێدوانیكدا وتی: هەوڵەكان بەردەوامن بۆ ئەوەی گرفتەكانی ساڵانی پێشووتر لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ دا دووبارەنەبنەوە و پشكی هەرێمی كوردستانیش بەتەواوی بنێردرێت بەپشكی پێشمەرگە و بودجەی پەرەپێدانیشەوە.

ئەو وتیشی: حكومەتی نوێی هەرێم هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونییەوە نیازباشی خۆی پیشانداوە و ئامادەشە ناكۆكی و كێشە هەڵواسراوەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات .

لەسەر هەواڵی سەردانی شاندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەسەرۆكایەتی بافێڵ تاڵەبانی و داواكاردنی لە حكومەتی بەغدا بەوەی لەحاڵی ڕێكنەكەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر دۆسییەی نەوت و كێشەهەڵواسراوەكانی تر ، ئەوە حكومەتی فیدراڵی پشكی سلێمانی بەجیا لە پشكی هەولێر و ناوچەكانی تر رەوانە بكات،  ئەو وەزیرە ئەو هەواڵە رەتدەكاتەوە و دەڵێت: "بڕوا ناكەم ئەو بابەتە راست بێت".

ناوبراو باس لەوەش دەكات، كە بەرهەم ساڵح سەرۆككۆماری عێراق و جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەبابەتی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا رۆڵێكی سەرەكی دەگێرێت، لەبەر ئەوەی بەپێی یاسا ئەو پارێزەری دەستوورەو داواكارییەكانی هەرێمیش هەمووی لەدەستووردا هەیە و رەوان .

چەند رۆژێكە بافێڵ تاڵەبانی بەسەرۆكایەتی شاندێكی یەكێتی نیشتمانی لەشاری بەغدایەو دەنگۆ هەیە بۆ ئەوە چووەتە بەغدا، كە داوا لەحكومەتی عێراق بكات، ئەگەر لەگەڵ هەولێر نەگەیشتنە رێككەوتن، بودجەی سلێمانی نەبڕن، چونكە سلێمانی داهاتەكانی رادەستی بەغدا دەكات.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی