دوای هێرشەكانی سەر ئارامكۆ بژاردەكانی بەردەم ترامپ چییە؟

جیهان

18/09/2019‌ 899 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەئەگەری تێوەگلانی راستەوخۆی ئێران لە هێرشەكانی رۆژی شەممەی سەر دوو پاڵاوگەی نەوتی كۆمپانیای ئارامكۆی سعودییە، ئەمریكا بیر لە بژاردەكانی وەڵامدانەوەی ئێران دەكاتەوە.

دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئەمریكا لەبارەی هێرشەكە رایگەیاند، كە لەئێستادا وادەردەكەوێت ئێران بەرپرسە لەو هێرشانەی كرانە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییە .

هاوكات لەكۆشكی سپی مایك ئیسپەر وەزیری بەرگری ئەمەریكا لەگەڵ دۆناڵد ترامپ و بەرپرسە سەرەكییەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا كۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی هەموو ئەگەرەكان كردووەو لەو بارەیەشەوە بەرپرسانی پنتاگۆن دەڵێن "وەڵامێكی توند" بۆ ئەو دەستدرێژییانە بەپێویست دەزانن .

هەر لەو بارەیەوە، رۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" روونیكردووەتەوە، كە سەرۆكی ئەمەریكا لەنێوان پێویستی وەڵامدانەوەی ئێران بە بژاردەی سەربازی و بەردەوامبوون لەسەر هەرەشەكردن و سەپاندنی سزای زیاتر بۆ ملپێكەچكردنی تاران تێماوە.

رۆژنامەكە هەروەها رایگەیاندووە، دڵنیانەبوون لە هەڵویستی ترامپ ئەو ئاڵنگارییەی زیاتر ئاڵۆز كردووە، ئەوەش نیگەرانی و دڵەراوكێی وڵاتە هاوپەیمانەكانی لێكەوتووەتەوە.

لەگەڵ بەردەوامی "تەمومژی هەڵویستەكان"، راپۆرتە میدیاییەكان دەڵێن: بەرپرسانی پنتاگۆن پێشنیازی گرتنەبەری ڕێوشوێنی چاوترسێنكردنی نوێیان كردووە بێئەوەی راستەوخۆ هێزی تێدا بەكاربهێنرێت .

لەناو ئەو رێوشوێنانەدا زیادكردنی ژمارەی هێزە سەربازییەكانی ئەمەریكا لەناوچەكە و بەرزكردنەوەی ئاستی توانا بەرگرییەكانی ئەمەریكا، جگە لە پێشكەشكردنی بەڵگە بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ سەركۆنەكردنی تاران لەلایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە .

یەكێكی تر لەو رێوشوێنانەی رەنگە واشنتۆن بیگرێتەبەر بریتییە لەدوورخستنەوەی هاوپەیمانە ئەوروپییەكان لە ڕێكەوتننامەی ناوەكی، یان توندكردنی سزاكان لەسەر ئێران، یان هێرشی موشەكی، یان نهێنی بۆسەر ژیرخانی وزەی ئەو وڵاتە .

جگە لەوەی واشنتۆن دەتوانێت پەنا بەرێتە بەر هێرشی ئەلیكترۆنی وەك یەكێك لەبژاردە بەردەستەكان بۆ چاوترسێنكردنی تاران .

هەرچی بژاردەی "وەڵامدانەوەی سەربازی"یە  لەناو كۆنگرێسدا رووبەرووی ئاستەنگی گەورە دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی بەشێك لەیاسادانەرانی ئەمەریكا خەریكی كۆتوبەندكردنی ترامپن بۆ ئەوەی نەتوانێت هیچ هێرشێكی سەربازی بكاتە سەر ئێران .

بەرپرسە سەربازییەكانی ئەمەریكا دەڵێن: دەبێت لەهەڵگیرساندنی ئاگری جەنگ وریابین، كە رەنگە ئەوە پاڵ بەوڵاتە یەكگرتووەكانەوە بنێت بكەوێتە جەنگێكی خوێناوییەوە لەگەڵ ئێران.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی