سەرچاوەی موشەكەكان‌و ئاراستەكەی
وردەكاری نوێ لەبارەی هێرشەكەی سەر ئارامكۆ

جیهان

18/09/2019‌ 2006 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن "ی ئەمەریكی وردەكاری نوێ لەبارەی هێرشەكەی سەر دوو پاڵاوگەی نەوتی سەر بەكۆمپانیای ئارامكۆی سعودییە ئاشكرادەكات‌و رایگەیاند، سەرچاوەی هێرشەكان بنكەیەكی سەربازی ئێرانی بووە لەنزیك عێراق .

سی ئێن ئێن بەپشتبەستن بە قسەی یەكێك لەسەرچاوەكان راشیگەیاند، موشەكەكان بەسەر عێراقدا هاویشتراون و بەدەوری كوێتدا سووراونەتەوەو خۆیان گەیاندووەتە دامەزراوە نەوتییەكانی سعودییە، ئەوەش لەپێناو شاردنەوەی سەرچاوەی تەقینەكەی.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكردووە، هەندێك لە موشەكەكان شكستیان هێناوە لەپێكانی ئامانجەكانیان و پێش گەیشتنە شوێنی مەبەست لەبیابان كەوتوونەتە خوارەوە.

هەروەها سەرچاوەیەكە رایگەیاندووە، هیچ ئاماژەیەك نییە بیسەلمێنیت، كە موشەكەكان لەباشووری سعودییە و بەتایبەتی لە یەمەنەوە هاتبن .

پێشتر حوسییەكانی لایەنگری ئێران لەیەمەن رایانگەیاند، كە ئەوان لەڕێگای ١٠ فرۆكەی بێفرۆكەوانەوە دوو پاڵاوگەی نەوتی سعودییەیان بەئامانج گرتووە، بەڵام هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆكایەتی سعودییە جەختی كردەوە، كە ئەنجامە سەرەتاییەكانی لێكۆڵینەوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن هێرشەكان لە خاكی یەمەنەوە ئەنجام نەدراون .

لەو بارەشەوە عەقید روكن توركی مالیكی وتەبێژی هاوپەیمانی عەرەبی رایگەیاند، بەڵگە سەرەتاییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە هێرشەكە بە چەكی ئێرانی ئەنجام دراوە.

سەرچاوەكەی "سی ئێن ئین " باسی لەوەش كردووە، كە ئەگەری زۆر هەیە هێرشەكەی سەر كۆمپانیای ئارامكۆ بە موشەكی كرووز ئەنجام درابێت و لەبەرزاییەكی نزم فڕیبێت‌و لەڕێگای فرۆكەی بێفرۆكەوانەوە پشتیوانی كرابێت، هەروەك شوێنی ئاراستەكردنیشیان لە بنكەیەكی سەربازی ئێرانی لەنزیك سنووری عێراقەوە بووە .

لای خۆیەوە ئەمەریكا رایگەیاند، كە ئەوان بەڵگەیان لایە دەیەسەلمێنێت ئێران لەو هێرشە تێوەگلاوە، بۆیە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا وتی: واشنتۆن دەزانێت لایەنی تاوانبار كێیە و جەختیشیكردەوە، ئەوان ئامادەن وەڵامی ئەو دەستدرێژییە بدەنەوە .

هەروەها مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا وتی: تاران لەپشت ١٠٠ هێرشەوەیە، كە كراونەتە سەر سعودییە.

پۆمپیۆ وتیشی: ئەو هێرشانە لەكاتێكدایە، حەسەن روحانی سەرۆكی ئێران و محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوە واخۆیان پیشان دەدەن، كە ئەوان لەگەڵ ڕێگای دیبلۆماسیدان .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی