بەرهەم ساڵح و فوئاد حسێن دڵنیایی لە نەبڕینى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە بودجەى ٢٠٢٠ دەدەن

عیراق

18/09/2019‌ 657 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، كۆبونەوەی سەرۆك كۆماری عیراق لەگەڵ پەرلەمان و حكومەتی هەرێم بە هەماهەنگی بووە و جەختیان کردوەتەوە کە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان نابڕدرێت.

ئەمرۆ بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق و فوئاد حسێن وەزیرى دارایی عێراق لەگەڵ دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى کوردستان و سەرۆکى فراکسیۆنەکان کۆبوونەوەو تیایدا لەبارەى کێشەکان و گفتوگۆکانى هەرێم و بەغدا گفتوگۆیان کردوە.

بەپێى زانیارییەکانى شارپرێس لە کۆبوونەوەکەى سەرۆک کۆمارو وەزیرى دارایی و پەرلەمانى کوردستان هیواى خۆیان نیشانداوە، كەوا بەشە بودجەی هەرێم وەك خۆی دەبێت، ئەگەر زیاتر نەبێت ئەوا راناگیرێت.
رۆمیۆ هەکارى سەرۆکى هاوپەیمانى نەتەوەیى لە پەرلەمانى کوردستان بە شارپرێسى رایگەیاند،کۆبوونەوەى سەرۆک کۆمارو وەزیرى دارایی لەگەڵ سەرۆکایەتى پەرلەمانى و سەرۆکى فراکسیۆنەکان باشبوو، ئەوان داوایانکرد هەماهەنگى لەنێوان پەرلەمانتارانى کورد لە پەرلەمانى عێراق و لەپەرلەمانى کوردستان هەبێت و هەروەها لیژنە تایبەتمەندەکان بەیەکەوە پەیوەندى بەردەوامیان هەبێت.

ئاماژەى بەوەشکرد، سەرۆک کۆمار داوایکرد کە لیژنە تایبەتمەندەکانى هەردوو پەرلەمان پیشوەخست بەیەکەوە گفتوگۆ بکەن و ئاگادارى پرۆژە یاساکان بن.

سەبارەت بە چارەنوسى موچەى فەرمانبەرانى هەرێم لە بودجەى ساڵى ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ دا روونیکردەوە، سەرۆک کۆمار جەختیکردوەتەوە کە موچەى ساڵى ٢٠١٩ بەپێ یاسای بودجە وەکو خۆى دێت و کێشەى نییە، بۆ ساڵى ٢٠٢٠ یش سەرۆک کۆمار تەئکیدى کردوەتەوە هەموو هەولێک دەدەن موچەى فەرمانبەران وەکو خۆی جێگیر بکرێت و نەبڕدرێت، گەشبینیى خۆشى بەوە نیشانداوە کە موچەى فەرمانبەران دوور بگرن لە ململانێیەکان.

رۆمیۆ هەکارى، باسى لەوەشکرد، سەرۆک کۆمارو وەزیرى دارایی گەشبین بوون بە چارەسەرى کێشەکان و کۆبوونەوەکانى هەرێم و بەغدایان بە ئومێد بەخش وەسفکردوە.

س.هـ