پێدەچێت ئەمریكا و ئیسرائیل هاوپەیمانی لە بواری بەرگریدا پێكبهێنن

جیهان

18/09/2019‌ 705 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناونیشانی راپۆرتێكە لە گۆڤاری (نیزافیسیمایا غازیتا)، دەربارەی پەیمانی ترامپ بە دروستكردنی هاوپەیمانی سەربازی و واژووكردنی پەیماننامەیەكی بەرگری هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل.

بەپێی راپۆرتەكە، سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ نزیك بووەتەوە لە واژووكردنی پەیماننامەیەكی بەرگری هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل، ئەم پەیمانەی ترامپ پێش چەند رۆژێك دێت لەئەنجامدانی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی ئیسرائیل، بەئامانجی ئەوەی هاوكار بێت لەدەستپێشخەرییەكی كردن بۆ حیزبەكەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ.

ئەگەر بێت و هاوپەیمانی سەربازی نێوان ئەو دوو وڵاتە ببێتە راستیەكی واقیعی، ئەوا دەبێتە مایەی شكاندنی نەریتە دیبلۆماسییەكانی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نهێنی نییە، كە ئیسرائیل و ئەمریكا ماوەیەكی دورو درێژە هاوكاری یەكتری دەكەن لە بواری جیاوازدا و بە شێوەیەكی توندوتۆڵ، لەنێویاندا بواری بەرگری. 

بە گوێرەی بۆچوونی پەیمانگەی ستوكلهۆڵم بۆ توێژینەوەی ئاشتی، دەسكەوتی ئەمریكا لە چەك فرۆشتن بە ئیسرائیل، ساڵانە دەگاتە 60%. هەروەها واشنتۆن بە شێوەیەكی راستەوخۆ بەرنامەی بەرگری ئیسرائیل پارەدار دەكات بەگوێرەی پەیماننامەیەكی دوو قۆڵی، كە لە ساڵی 2018 دا جارێكی تر بۆ ماوەی 10 ساڵ درێژ كرایەوە.

نەبوونی وردەكاری دەربارەی رێككەوتنەكە لەلایەن ترامپەوە بووە هۆی ئەوەی شرۆڤەی جیاواز لە خۆ بگرێت، بەگوێرەی قسەی سەرۆكی بەشی لێكۆلینەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە پەیمانگەی ئابووری جیهانی و پەیوەندی نێودەوڵەتی سەر بەئەكادیمیای زانستە روسیەكان (ئیرینا زفیاتیلسكایا)، گرنگی زانستی بەیاننامەكەی ترامپ دەربارەی هاوپەیمانی سەربازی لاوازە، چونكە هەر لە راستیدا ئەمریكا و ئیسرائیل ژمارەیەك رێككەوتنامەیان هەیە لە بواری بەرگریدا و بروام وانییە شتێكی كرۆكی تری بخرێتە سەر. 

ئەگەر قسە دەربارەی ئەو رێككەوتنە بكەین بەوەی ئەمریكا پایەنددەكات شان بەشانی ئیسرائیل بجەنگێت، گومان دەبەم ئەم جۆرە رێككەوتنە لە بەرژەوەندی ئەمریكادا بێت.

ناوبراو وای دەبینێ، لە دیدگای سەرۆكی ئەمریكاوە بنیامین ناتانیاهۆ باوەڕ پێكراوەو زیاتر حساب بۆ هەنگاوەكانی دەكرێت، هەنگاوەكانی پێشووی ترامپیش ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن گرەو لەسەر ناتانیاهۆ دەكات.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا