هەوڵەكان بۆ رێككەوتنی هەولێرو بەغدا چڕدەكرێنەوە

کوردستان

19/09/2019‌ 822 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ترافیكی هاتووچۆی بەرپرسانی عێراقی‌و هەرێمی كوردستان لەنێوان هەولێرو بەغدا رووی لەزیادبوون كردووە، ئەوەش لەچوارچێوەی ئەو هەوڵانەیە، كە دەدرێت بۆ ئەوەی هەردوولا بگەن بەرێككەوتن‌و چارەسەری كێشەكان.

لەو چوارچێوەیە لەدوو رۆژی رابردوو بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق بەیاوەری فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق سەردانی هەولێریان كردو لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

بەپێی زانیارییەكان كۆبوونەوەكانی بەرهەم ساڵح‌و فوئاد حوسێن لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تایبەت بووە بەپرسی چارەسەری كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا، بەتایبەتی لەسەر نەوت‌و بودجە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، سەرۆك كۆمارو وەزیری دارایی پەیامی لایەنی عێراقییان بۆ هەولێر هێناوە، لەبارەی چارەسەری كیشەكان‌و گەیشتنە رێككەوتنی هەردوولا لەسەر پرسەكان.

هاوكات محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بەدەستپێشخەرییەكەوە، سەردانی هەولێر دەكات‌و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی كوردستان دەبێتەوە.

محەمەد حەلبوسی ئەمڕۆ پێنج شەممە سەردانی هەولێر دەكات‌و بڕیارە لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان‌و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆببێتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان سەرۆكی پەرلەمان دەستپێشخەرییەكی پێیەو دەستپێشخەرییەكەش پەیوەندی بەكێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان‌و عێراقەوە هەیە.

هەر بەگوێرەی زانیارییەكان حەلبوسی ئەو دەستپێشخەرییە دەخاتە بەردەم بەرپرسانی هەرێم، بۆ ئەوەی هەولێر رازی بێت بەچارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا، كە چەند ساڵێكە بەردەوامە.

ماوەیەكە هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەولێرو بەغدا چڕكراوەتەوە، كە هەوڵەكان بۆ ئەوەیە تا سەرەتای مانگی داهاتوو رێككەوتن واژوو بكرێت‌و لەسەر بنەمای ئەو رێككەوتنەش پرۆژەیاسای بودجەی 2020 عێراق دابڕێژێت‌و پشكی هەرێمی كوردستانی تێدا دیاریبكرێت.

كێشەكانی هەولێرو بەغدا لەسەر نەوت‌و بودجەیە، كە چەند ساڵێكی بەردەوامی هەیەو پێشتریش چەند جارێك هەوڵدراوە بۆ ئەوەی چارەسەری كێشەكان بكرێت، بەڵام هەوڵەكان ئەنجامێكی ئەوتۆی نەبووە.

هـ . ح