وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە 8 هەزار یەکەى نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان دروست دەکات

کوردستان

19/09/2019‌ 857 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، بەپێى ئەو پلانەى دایان ناوە لە چوار ساڵى داهاتوودا هەشت هەزار یەکەى نیشتەجیبوون بۆ هاوڵاتیان دروست دەکەین.
ئەمرۆ پێنج شەممە دانا عەبدولکەریم وەزیرى ئاوەدانکردنەوەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند" ئەو پرۆژانەى ئێستا لە کارکردندان مۆڵەتى ٧٠ رۆژ دراوە بە بەلێندەرەکان تا تەواویان بکەن پێش ئەوەى وەرزى باران بارین دەست پێ بکات دەبێت ئەو پرۆژانە تەواو بووبن واتە تا ناوەڕاستى مانگى ١٢ هەموو پرۆژەکان تەواو بووبێتن".
ئاماژەى بەوەشکرد، هەموو کەمتەرخەمییەک یان بەجێهیشتنى پرۆژەکان لەلایەن بەڵێندەرانەوە بەپێى گریبەستەکانیان کە لەگەڵ حکومەتە کردویانە رێکارى یاسایی پێویستیان بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
لەبارەى تەواو نەکردنى پرۆژەى تونێلى پیرمام وەزیرى ئاوەدانکردنەوە رونیکردەوە، تونێلەکە ٨٦% ى  تەواو بووەو ١٤%ى پرۆژەکە ماوە تەواو بکرێت، بەوتەى خۆى بۆ تەواوکردنى پرۆژەکە داوایان لە ئەنجومەنى وەزیران کردوە پارەى بۆ تەرخان بکرێت، هەر کاتێک پارەى پێویستى بۆ تەرخان کرا بە زوترین کات کارکردن لە پرۆژەکە دەستپێدەکاتەوە.
سەبارەت بە پرۆژەى شەقامی ١٠٠ مەترى سلێمانى دانا عەبدولکەریم ئەوەى خستەڕوو ئەو پرۆژەیە پەیوەندى بە وەزارەتەکەیەوە نییە، بەڵکو پەیوەندى بە پرۆژەکانى شارەوانیی سلێمانییەوە هەیە.
وەزیرى ئاوەدانکردنەوە ئەوەشى خستەڕوو، سەرەتاى ئەم هەفتەیە پلانى چوار ساڵى خۆیان پێشکەشى ئەنجومەنى وەزیران کردوە کە لەو پلانەدا هەشت هەزار یەکەى نیشتەجێبوون بۆ هاوڵاتیان جێگەى کراوەتەوە، بەڵام ئەمە پەیوەستە بە دابینکردنى پارە بۆ ئەو یەکانە.
س.هـ

بەپەلە