یەكێتی رێگری لەبەرپرسانی پارتی بۆ چوونە ناو زۆنی سەوز دەكات

کوردستان

19/09/2019‌ 8841 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی رێگری لەبەرپرسانی پارتی دیموكرات بۆ چوونە ناو زۆنی سەوز دەكات، ئەوەش لەكاردانەوەی رێگری لەمەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبەكە بۆ چوونە هەولێر.

لەبازرگەی شاری هەولێر ئەمڕۆ پێنج شەممە رێگری لەمەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كراوە بۆ چوونە ناو شاری هەولێر، ئەوەش بەنیازی بەشداریكردن لەكۆبوونەوەی سیاسی حیزبەكەی لەو شارە.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس ئەو رێگرییە كاردانەوەی گەورەی لەناو مەكتەبی سیاسی یەكێتی دروست كردووەو بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی باڵای ئەو حیزبەش لەكاردانەوەی یەكەمدا یەكێتیش رێگری لەبەرپرسانی باڵای پارتی دەكات بۆ چوونە زۆنی سەوز.

هەر بەپێی زانیارییەكان، یەكێتی كاردانەوەی تریشی دەبێت، بەڵام تائێستا وردەكاری كاردانەوەكانی تر رانەگەیەنراوە.

لەتیف شێخ عومەر وتەبیژی یەكێتی لەبارەی رێگری لەمەحمود سەنگاوی لە كۆنفڕانسێكی رۆژنامەنوسیدا لە بارەگای سەرەكی مەكتەبی سیاسی لە هەولێر رایگەیاند، ئەمرۆ كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بەرێوە دەچێت لە هەولێر، بەڵام لە بازگەی دێگەڵە رێگە بەمەحمود سەنگاوی نەدراوە بچێتە هەولێر. 

وتەبێژی یەكێتی جەختیكردەوە، وەكو یەكێتی ئەم كارە قبوڵ ناكەن و حكومەتی هەرێم بە بەرپرسیار دەزانن لەو كارە.

هەروەها وتەبیژەكەی یەكێتی رایگەیاند، قابیلی قبوڵ نییە ئەو جۆرە كارانە لەكاتێكدا كوردستان موڵكی هیچ لایەنێك نییەو موڵكی هەموو خەڵكی كوردستانەو باسی لەوەش كرد، ئەوەی بەرانبەر مەحمود سەنگاوی كراوە بەرانبەر هەموو خەڵكی كوردستان كراوە.

لەتیف شێخ عومەر جەختیكردەوە، عەقڵییەتێك هەیە دەیەوێت كوردستان دابەشی دوو ئیدارە بكات و ئەوان وەك یەكێتی هەڵویستیان دەبێت‌و دەبێت لایەنەكانی تریش لەو بارەوە بێنە دەنگ.

ئەمە لەكاتێكدایە، پێشتر مەحمود سەنگاوی چەند قسەیەكی لەسەر مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات كردو رەخنەی توندی لێگرد، ئەوەش كاردانەوەی گەورەی لێكەوتەوە.

هـ ـ ح