توركمانەكانی كەركوك بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەكەن

عیراق

19/09/2019‌ 317 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركمانەكان رایانگەیاند، لەپێناو پەرش و بڵاونەبوونی دەنگەكانیان بریاریانداوە بەیەك لیست بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بكەن .

جاسم محەمەد سەركردە و پەرلەمانتاری پێشووی سەر بەپێكهاتەی توركمانی لەلێدوانێكدا دەڵێت: پارتە توركمانییەكان كۆبوونەتەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی هەڵبژاردنەكانی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگاكان.

ئەو دەشڵێت: پارتە توركمانییەكان ڕێككەوتوون لەسەر ئەوەی لەهەڵبژاردنەكاندا بەیەك لیست بەشداری بكەن.

محەمەد لەدرێژەی قسەكانیدا باسی لەوەش كردووە، كە ژمارەیەكی كەمی هێزە توركمانییەكان دژی یەكلیستی بوون‌و هێشتاش گفتوگۆكان بەردەوامن بۆ ئەوەی بروا بە ئەوانیش بكرێت تا دەنگەكانی توركمان پەرش و بڵاونەبن‌و ئاماژە بۆ ئەوەش كرد، كە لەپێناو پاراستنی ژمارەی كورسییەكانیان لەناو ئەنجوومەنی پارێزگا پێكهاتەی توركمانی بەلیستێكی جیاواز لە كورد و عەرەب بەشداری هەڵبژاردنەكان دەكەن.

پێشتر توركمانەكان بەدووریانزانی پارتە كوردییەكان بەهۆی ئەو جیاوازی و ناكۆكییەی لەنێوانیاندایە بتوانن بەیەك لیستی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پاریزگای كەركوك بكەن .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی