نێچیرڤان بارزانى و محەمەد حەلبوسى گفتوگۆ لەسەر کێشەکانى هەرێم و بەغدا دەکەن

عیراق

19/09/2019‌ 406 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان و سەرۆکى پەرلەمانى عێراق کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا تاوتوێ دەکەن.

بەپێى راگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى هەرێم نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و محه‌مه‌د ئه‌لحه‌لبووسی، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، دۆخی سیاسی و ئه‌منیی عێراقیان تاوتوێ كرد و جه‌ختیان له‌ پاراستنی ئارامیی سیاسی و سه‌قامگیریی ئه‌منیی عێراق و گرنگیی به‌رده‌وامیی دیالۆگی هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا كرده‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا هه‌ردوولا كاری په‌رله‌مانی و یاسادانان و بابه‌تی بودجه‌ی گشتیی ساڵی داهاتووی عێراق و پرۆسه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی شوێنه‌ زیانبه‌ركه‌وتووه‌كانی شه‌ڕی تیرۆریان خسته‌ باس و تیشكیان خسته‌ سه‌ر دۆخی ئاواره‌ عێراقییه‌كان له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و داهاتوویان و چۆنیه‌تیی گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنه‌كانیان.
په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانی ناوچه‌كه‌ و جیهان و پێشهاته‌ سیاسی و ئه‌منییه‌كان و دۆخی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی، ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بوو.

س.هـ