رۆبەرت ئۆبراین راوێژكاری نوێی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا كێیە؟

جیهان

21/09/2019‌ 1375 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمەریكا ، پارێزەر و دیپلۆماتكار رۆبەرت ئۆبراینی بۆ پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا هەڵبژارد، كە پێشتر پۆستی نێردەی كاروباری ئازادكردنی بارمتەكان لەوەزارەتی دەرەوەی بەدەستەوە بوو.

ئۆبراین لەشاری لۆس ئەنجلۆس لەدایك بووە، لەساڵی ١٩٩١ كۆلیژی یاسای لە زانكۆی كالیفۆڕنیا لە شاری بركلی تەواوكردووە، لەماوەی كاركردنی پیشەیی خۆیدا لەگەڵ گەلێك لەكۆمپانیاكانی بواری پارێزەرایەتی كاری كردووە.

لەماوەی نێوان ساڵەكانی ١٩٩٦ -١٩٩٨ پارێزەر بووە لەلای ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە جنێف، هەروەها لەنێوان ٢٠٠٥ -٢٠٠٦ یاریدەدەری جۆن بۆڵتۆنی نێردەی هەمیشەیی ئەمەریكا بووە لە نەتەوە یەكگرتووەكان، لەنێوان ساڵەكانی ٢٠٠٨ -٢٠١١ ئەندامی لیژنەی راوێژكاری میراتی رۆشنبیری سەر بەحكومەتی ئەمەریكی بووە.

وەك راوێژكار لای هەریەك میت رۆمن ، ستوت ووكەر، تێد كروز پاڵێوراوانی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا كاری كردووە، لەناو هێزە وشكانییەكانی سوپای ئەمەریكادا بەپلەی رائید خزمەتی كردووە.

لەساڵی ٢٠١٦ وەك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كاروباری ئازادكردنی بارمتەكان دامەزراوە، لەو پۆستەدا لەبواری بارمتە و دەستگیركراوە ئەمەریكییەكان راوێژی داوەتە فەرماندەیی باڵای ئەمەریكا، جگە لەوەی لەبواری پەرەپێدانی ستراتیژییەتی گێرانەوەی بارمتەكان و جێبەجێكردنی لە ئەمەریكا كاری كردووە .

ژمارەیەك كتێبی بەچاپ گەیاندووە لەناویاندا كتێبێك لەساڵی ٢٠١٦ بەناونیشانی "لەكاتێكدا ئەمەریكا دەخەوێت: بوژانەوەی فەرماندەیی ئەمەریكا لە بارودۆخی قەیرانەكاندا".

دواین بابەت، كە ئۆبراین بەشداری كردووە لە چارەسەركردنیدا لەكاتی بەڕێوەبردنی پۆستی نێردەی كاروباری بارمتەكان بریتی بووە لە ئازادكردنی گۆرانیبێژی راپی ئەمەریكی  ئەساب رۆكی كە لە وڵاتی سوید و بەتۆمەتی توندوتیژیكردن دەستگیركرابوو.

دانانی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا پێویستی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی پیران نییە، بەپێجەوانەی زۆربەی پۆستە باڵاكانی تر لە ئەمەریكاو بەم نزیكانە دەستبەكاردەبێت.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی