سەرۆكی شارەوانییەك لەفەرەنسا بڕیار دەدات هەفتەیەك خەڵكی دڵیان خۆش بێت

جیهان

22/09/2019‌ 650 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەبڕیارێكدا، كە بە "سەیر" وەسفكراوە، سەرۆكی شارەوانی یەكێك لەشارە بچووكەكانی فەرەنسا بڕیارێكی دەركردووە بەوەی دەبێت خەڵكی شارۆچەكەكە بۆ ماوەی هەفتەیەك دڵخۆش بن .

فریدی ریڤۆ، سەرۆكی شارەوانی شارۆچكەی  " Essar-en-Bocage" ، كە ژمارەی دانیشتووانەكەی ٩ هەزار كەسە، فەرمانێكی فەرمی شارەوانی دەركردووە بەوەی دەبێت لەنێوان پێنج بۆ پازدەی ئۆكتۆبەر، كە لەو ماوەیەدا شارۆچكەكە گەڕی یەكەمی ڤیستیڤاڵی مۆسیقای تێدا بەڕێوەدەچێت بەناوی "فیل ئین جوا" (شاری دڵخۆشی)، خەڵكی شارۆچكەكە دڵخۆش بن .

سەرۆكی شارەوانی لەو بارەوە دەڵێت: بەلەبەرچاوگرتنی خێرا بڵاوبوونەوەی هەستی دڵتەنگی و ئەگەری زۆری ئەوەی لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزو كەمبونەوەی تیشكی خۆر هەستێكی بێزارانە دەرووونی خەڵك بگرێتەوە، رێگری لەهاتنە ناوەوەی هەر كەسێك دەكەم، كە ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم دەربڕینی هەستی دڵخۆشیدا.

فەرمانەكە مێژووی ١٣ی ئەیلوولی بەسەرەوەیە و لەبەرواری دیاریكراودا رێگری لە پەخشكردنی مۆسیقای خەمناك و ئەو فلیم و كتێبانە دەكرێت، كە بەشێوەیەكی نەرێنی كۆتاییان دێت، هەروەها داوای كردووە لەرێگای لانیكەم سێجار پێكەنین لەرۆژێكدا هۆرمۆنی "ئەندرۆفین"، كە هۆرمۆنی بەختەوەرییە بەرهەمبهێنن .

سەرۆكی شارەوانی شارۆچكە فەرەنسییەكە داخی زۆری بۆ بڵاوبوونەوەی هەستی خەمۆكی بێتاقەتی لە وڵات خواردووە و جەختیكردووەتەوە هەوڵ دەدات گیانی دڵخۆشی لەناو فرۆشگا و دانیشتووانی شارۆچكەكە بڵاوبكاتەوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی