ساڵانە ٢،٨ ملیۆن ئافرەتی دووگیان‌و منداڵی تازەلەدایك بوو دەمرن

جیهان

22/09/2019‌ 355 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
راپۆرتێكی نوێی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە ساڵانە ٢،٨ ملیۆن ئافرەتی دووگیان و منداڵی تازە لەدایكبوو گیان لەدەست دەدەن .

لەراپۆرتەكەی ڕێكخراوەكەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندا هاتووە: ژنان و منداڵانی تازە لەدایكبوو لەكات‌و راستەوخۆ لەدوای لەدایكبوون لاوازترن، بەجۆرێك ساڵانە ٢،٨ ملیۆن ئافرەتی سكپڕو منداڵی تازە لەدایكبوو دەمرن، بەو واتایەی هەر ١١ چركە منداڵێكی ساوا گیان لەدەست دەدات، بەهۆكارگەلێكیش دەكرێت خۆی لێبپارێزرێت.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لەگەڵ ئەو هەموو پێشكەوتنەی لەو بوارەدا بەدەست هاتووەو دابەزینی ژمارەی مردنی منداڵان لەجیهاندا، بەڵام مەترسی مردنی منداڵان راستەوخۆ لەدوای لەدایكبوون یان لەدوای چەند ساڵی یەكەمی لەدایكبوونی هێشتا بەرزە. 

هەروەها رایگەیاندووە، كە ئەو مەترسیانەش لەمانگەكانی یەكەمدا زیاتر دەبێت بەتایبەت ئەگەر منداڵەكە لەپێش كاتی خۆی لەدایك بووبێت، یان قەبارەی منداڵەكە بچووك بێت، یان ئەگەر لەكاتی لەدایكبووندا رووبەڕووی نەخۆشییەك، یان لێكەوتەیەك ببێتەوە .

ئەو مەترسیانە رووبەڕووی منداڵانی گەورەتریش دەبێتەوە، بەجۆرێك لەساڵی ٢٠١٨  نزیكەی ٦،٢ ملیۆن منداڵ لەخوار تەمەنی ١٥ ساڵیدا مردوون، كە ٥،٣ یان لە پێنج ساڵی یەكەمی تەمەنیاندا مردوون، بەڵام لەساڵی ٢٠١٧ بەهۆی لێكەوتەكانی منداڵبوونەوە زیاتر لە ٢٩٠ ژن گیانی لەدەستداوە .

هەروەها بەپێی داتاكانی ئەو ڕێكخراوە جیهانییە دەردەكەوێت لەساڵی ٢٠٠٠ وە ئاستی مردنی منداڵان بۆ نیوە دابەزیوە، بەڵام مردنی دایكان بۆ سێیەك دابەزیوە .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە