داواكارییەكانی هەرێم بۆ رێككەوتن لەگەڵ عێراق بەغدا نیگەران دەكات

عیراق

22/09/2019‌ 2089 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردووە لەچوارچێوەی بودجەی ساڵی ٢٠٢٠  بەغدا هەقدەستی ئەو كۆمپانیا نەوتییانە بدات، كە لەهەولێر كار دەكەن، كە ئەوان پێیان وایە ئەو داواكارییە ئەگەر جێگیر بكرێت "دەمارگرتن و ئیستیفزاز"ێكی ئاشكرایە بۆ پشك و مافی پارێزگاكانی تر .

لەو بارەوە نەدا شاكر جەودەت ئەندامی لیژنەكە لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دەڵێت: هەرێمی كوردستان دەیەوێت دەستەبەری ئەوە بكات، كە قەرزی كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان ئەوانەی لەهەرێمی كوردستان كار دەكەن لەلایەن بەغداوە بدرێتەوە، بێئەوەی حكومەتی فیدراڵ دەسەڵاتی سەرپەرشتی و سوودلێوەرگرتنی ئەو نەوتەی هەبێت، كە دەردەهێنرێت.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا جەودەت دەشڵێت: ئەو داواكارییانە بێزاركەرن، لەبەر ئەوەی سەرباری ئەوەی هەرێم خۆی بەجیا لە بەغدا نەوت دەفرۆشێت بێئەوەی یەك بەرمیل رادەستی بەغدا بكات، بەڵام داوای خەرجكردنی موچەی فەرمانبەران و خزمەتگوزارییەكان لەبەغدا دەكات، ئەمە جگە لە داواكاری بۆ خەرجكردنی پشكی پێشمەرگە و ئاسایش و هەقدەستی كۆمپانیا نەوتییەكان.

ئەو پەرلەمانتارە روونیكردووەتەوە، دانانی بەندێك لە بودجەدا بۆ زیادكردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و دانی ملیاران دۆلاری كۆمپانیا نەوتییەكان لەلایەن بەغداوە پێشێلكارییەكی ئاشكرای مافی پارێزگاكانی ناوەراست و باشووری عێراقە و قەیرانێكی جەماوەری گەورە دەخولقێنێت .

ماوەیەكە عێراق‌و هەرێمی كوردستان دەستیان بەگفتوگۆ كردووە بۆ ئەوەی لەبواری نەوت‌و بودجە لەسەر ئەو كێشانە رێكبكەون، كە ساڵانێكە لەنێوانیان هەیە.

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی