"شەڕی سێبەر".. پلانی ڕوسیا و چین بۆ شكستپێهێنانی ئەمریكا

جیهان

22/09/2019‌ 1972 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای مەینەتییەكانی جیهان و بە تایبەتیش كۆمەڵگای ڕۆژئاوایی بەدەست ئێش و ئازارەكانی جەنگی دووەمی جیهانییەوەو دەركەوتنی قۆناغی چەكە ئەتۆمییەكان و تۆقاندنی ئەتۆمی لەماوەی جەنگی سارددا، سیاسییەكانی جیهان بۆیان دەركەوت  تەنیا میكانیزمی سەربازی تاكە میكانیزم نییە بۆ یەكلاییكردنەوەی ململانێ نێودەوڵەتییەكان، بەڵكو جۆری دیكەش هەن، كە دۆخەكە یەكلایی دەكەنەوە. 

یان بەلایەنی كەمەوە، وا لە لایەك دەكەن كەمێك دایشكێنی، ئیدی لەمەوە جەنگە ئابووری و كەلتورییەكان دەستیان پێكرد، لەمەشەوە هێزی نەرم بووە یەكێك لە دیارترین چەكەكانی دەوڵەتان لە دوای هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤییەتی جاران.

یەكێك لە جۆرەكانی جەنگی تازەش بە "جەنگی سێبەر" ناسراوە، كە دۆخێكە لە نێوان جەنگ و ئاشتی و كاری ئاشكرا و كاری نهێنیدا، ئەو جەنگە لەسەر چەندەها ئاست و گۆڕەپان بەڕێوە دەچێت، هەمیشەش خێرایی و هێزی ئەو جەنگە شاراوایە.

ئەم بابەتەی باسكرا كاكڵە و ناوەڕۆكە سەرەكییەكەی پەرتووكەكەی "جیم سكیتۆ"ی گەورە پەیامنێری ئاسایشی نەتەوەیی كەناڵی "سی ئێن ئێن" ی هەواڵی بوو،  كە پارساڵ لەژێر ناونیشانی "شەڕی سیبەر: لە ناو پڕۆسەی نهێنی  ڕوسی – چینی بۆ بەزاندنی ئەمریكا" بڵاوكرایەوە. 

ئەو پەرتووكە ڕەهەندی جەنگە نهێنییەكان ئاشكرادەكات، كە مۆسكۆ و پەكین دژ بە واشنتۆن پیادەی دەكەن و سەركەوتنی زۆریشی بەدەستهێناوە هەروەك نووسەر دەڵێت.

دۆخی نادڵنیابوون
سكیتۆ ئاماژە بەوە دەكات، كە ئەمریكا بێ ئەوەی بەخۆی بزانێت، لە دۆخی جەنگێكی ڕاستەقینەدایە، كە ڕوسیا دژ بە واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی سەركردایەتی دەكات لە پانتایەكی ئەلیكترونییەوە تا دەگاتە پانتایی بۆشایی ئاسمانی دەرەوە و بگرە لە هەموو جیهاندا، بۆیە سەركردە سەربازییە ئەمریكییەكان و بەرپرسانی ئاسایشی نەتەوەیی و شڕۆڤەكارانی دەزگای هەواڵگری، بە تەواوی گەیشتوونە ئەو باوەڕی، كە ڕوسیا دوژمنی دەوڵەتەكەیانە، بەڵام ڕاپرسییەكان ئاماژە بەوە دەدەن زۆرینەی خەڵك بە تەواوی پەی بەو ڕاستییە نابەن، بە تایبەتیش دۆناڵد ترامپی سەرۆك بە پێی ئەو ڕاستییەی باسكرا، كردار و ڕەفتاری نەكردووە، دانی بەوەشدا نەناوە ڕەفتارەكانی ڕوسیا هەڕەشەیەكن و سێرەیان لە دەوڵەتی ئەمریكا گرتووە.

نووسەر پێیوایە ئەو "دۆخی نادڵنیاییە" بەشێكی ڕەسەنی پلانەكەی "فلادیمیر پۆتینی"ی سەرۆكی ڕوسیایە، چونكە ئەو شڵەژانەی ئەمریكا بەرئەنجامی ئامانجێكی سەرەكییە بۆ جەنگێكی تازە، كە مۆسكۆ دەستی داوەتێ، هەڵمەتەكەش بە شێوەیەكی میتۆدی "كۆمەڵگای ئەمریكی دیموكراسی"  بە ئامانجگرتووە لە ڕووی سیاسییەوە دابەش بووە، ئابووری و ژینگە میدیایی و سیستەمەكانی دەنگدانیشی لەسەر چەند تەكنیكێكی ئەلەكترۆنی لاواز بەندە هەروەك نووسەر دەڵێت.

كاكڵە و ناوەرۆكی ئەو هەڵمەتەی مۆسكۆ، هێرشكردنەسەرێكی سنووردارە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا، كە پاڵ بە واشنتۆنەوە نانێت هێرشی سەربازی بكاتە سەر مۆسكۆ، بە تێپەربوونی كاتیش وردە وردە ڕوسیا ئاستی ئەم هێرشەی بەرزتر دەكاتەوە.

"فالیری جیراسیموف" ی سوپاسالاری هێزە چەكدارەكانی ڕوسیا نیازمەندی پشت ئەو "جەنگی سێبەر"ە دەردەخات پێكهێنانی بەرەیەكی شەڕی هەمیشەییە لە سەرتاسەری زەوییەكانی دوژمندا، واتە گواستنەوەی جەنگەكە بۆ ناو ماڵی دوژمن و كردنی بە گۆڕەپانی جەنگەكە.

تاكتیكی جەنگی سێبەری ڕوسی
جیراسیمۆف لەوتارێكیدا بە ناونیشانی "بەهای زانست لە خوێندنەوەی ئایندەدا" لە ساڵی 2013 نیازمەندییەكانی حكومەتەكەی ڕووندەكاتەوە و دەڵێت: لە سەدەی بیست و یەكەمدا، بینینمان ئارەزووی سڕینەوەی هێڵە جیاكەرەوەكانی نێوان دەوڵەتی جەنگ و دەوڵەتی ئاشتی لە ئارادایە، ئیدی جەنگەكان ڕانەگەیەندراون و لە جوغزێكی وەك جوغزی جاراندا بەرێوەناچن.

ئەمڕۆ ڕوسیا بەیەكجار و لە گۆڕەپانە جۆراوجۆرەكانی جەنگدا، ئەو چوارچێوە ناباوانە پیادە دەكات. لە شەری سارددا مۆسكۆ چەند ئامرازێكی كەمی بەدەستەوە بوون بۆ گەمەكردن بە ڕای گشتی ئەمریكا، یان دەستوەردان لە هەڵمەتە سیاسییە ئەمریكییەكان. بەڵام پەیدابوونی سوشیاڵ میدیا هەلی بێشوماری ڕەخساندن و سیستەمی ئیمەیڵی نەپارێزراو بوونە نیچیرێك بۆ هاككەرەكان.

بە گوێرەی مەزەندەكانی "نووسینگەی بەرێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی" لەیەنایەری 2017 ، ڕوسیا دەستی لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكای ساڵی 2016 وەرداوە بۆ ئابڕووتكاندنی "هیلاری كلینتۆن" و سەرخستنی دۆناڵد ترامپ". 

نووسەر دەشڵێت: مۆسكۆ هەوڵیشیداوە دەست لە نیوە هەڵبژاردنەكانی كۆنگرێسی نۆڤەمبەری ساڵی 2018 وەربدات، هەموو بەڵگەكانیش دەڵێن لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2020 دا هەمان شت دووبارە دەكاتەوە.

لە هەمان كاتدا، ئامادەسازییە سەربازییەكانی ڕوسیا بەردەوامن، مۆسكۆ لە بۆشایی ئاسماندا چەكی دیزاینكراوی داناون بۆ تەقاندنەوەی مانگە دەستكردەكانی ئەمریكا، كە بنەماكانی باڵادەستی سەربازی و ئابووری ئەمریكایان لەسەر بەندە. 

هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە لەقووڵایی ئۆقیانووسەكانیشدا، دوو جۆرە ژێردەریا و موشەكی بالیستی بڵاوەپێكردوون‌و جێگیر كردوون، كە سەختە شوێنپێیان هەڵبگیرێت. بۆیە مۆسكۆ زیاتر توانادارە لە هەڕەشەكردنی ئەتۆمی بۆ سەر كەناراوییەكانی ئەمریكا.

لەسەر وشكانیش ڕوسیا چەند دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری داگیركردوون وەك ئۆكڕانیا و جۆرجیا، ویستیشی هەڵگەڕانەوەی سەربازی لە شاخی ڕەش ئەنجام بدات، بەمەش هەڕەشەی لە پەیماننامە و سەروەری یاسا كرد، كە بۆ چەندەها دەیە یارمەتیدەر بووە لە پاراستنی ئاشتی لە ئەوروپا.

لە ساڵی 2014ش ڕوسیا نیمچە دوورگەی قڕمی خستەسەر خاكەكەی خۆی، ئەمەش پێشێلكارییەكی زەقی  ئەو ڕێككەوتنامەی ئاشتییەیە، كە لەگەڵ ئۆكرانیا و ئەمریكا و ئەوروپا واژووی كردبوو. 

دوای چەند مانگێكی دیكەش ڕووبەرێكی فراوانی ڕۆژهەڵاتی ئۆكڕانیای داگیر كرد، لە هەردوو دۆخیشدا، مۆسكۆ بنكەی سەربازی تایبەتی جێگیركردن، واشی نیشاندا ئەمانە سەربازی نیزامی سوپای ڕوسیانین، پاساویشیان بۆ ئەم كارەیان پاراستنی هاووڵاتییە ڕوسەكانی ئەو ناوچانە بوو، كە لە سەلامەتی خۆیان دەترسان.

نووسەر هەروەها دەڵێت: ئەمانە شتی لەناكاو نەبوون، چونكە جیراسیموف لەوتارێكی لە ساڵی 2018 بەشێوەیەكی مەترسیدار ئەو تاكتیكە وردانەی وەسفكردوون، كە ڕوسیا بەمزووانە پیادەیان دەكات و وتوویەتی: بەكارهێنانی بەردەوامی ئەو هێزانە،‌ بە زۆری لە ژێر پەردەی پاراستنی ئاشتی و ڕێكخستنی تەنگژەكان بەڕێوە دەچێت، تەنیا لە قۆناغی دیاریكراویشدا پەنایان بۆ دەبردرێت، واتە قۆناغی بەدەستهێنانی سەركەوتن لەیەكلاییكردنەوەی ململانێكان.

ستراتیژییەتی چین
سكیتۆ پێیوایە ڕێككەوت نییە، كە پەكین بە نزیكەیی هەمان ستراتیژییەتی ڕوسیای گرتووەتەبەر، هەمان سەركەوتنیشی بەدەستهێناوە، ئەمەش لە ڕێگەی دزینی نهێنی بازرگانی و حكومی ئەمریكا، كە بەشێكی پەیوەستن بە ڕووبەرێكی دەریای چینی باشووری‌ كێشەلەسەر و بگرە سەربازەكانیشی تێدا بڵاوەپێكردوون‌، تا دەگاتە بڵاوكردنەوەی چەكە هێرشبەرەكانی لە بۆشایی ئاسماندا.

ئەوەی بەلای نووسەرەوە سەیرە ئەوەیە، كە سەرباری ئەوەی كۆمپانیا ئەمریكییەكان پەی بەو دزینە چینییە دەبەن، بەڵام بە زۆری وایە داوای یارمەتیدان لە حكومەتی ئەمریكا ناكەن و یارمەتییەكانیش ڕەتدەكەنەوە، یان ڕەتیدەكەنەوە پێشێلكارییەكانی ئینتەرنێت دیاری بكەن، ئەمەش لەو ترسەی نەك هاوبەشە چینییەكانیان لەدەست بدەن و توانای‌ دەستگەیشتنیان بە بازاڕەكانی چین لەدەستبدەن. سكیتو دەڵێت ستراتیژیەتی چین ئەو ترسەی چاندووە و پشتیشی پێدەبەستێت.

لە بەرانبەر كۆششەكانی چینیشدا، ئیدارەكەی "باڕاك ئۆباما"ی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا وەك پێویست بەدەم چینەوە نەچووە، وەك پێویستیش مامەڵەی لەگەڵ كۆششە سەربازییەكانی چین نەكرد لە دەریای چینی باشوور، بەڵكو ئۆباما تەنیا چەند بەڵێن و پەیمانێكی كەسی لە "شی جین بینگ" ی سەرۆكی چین وەرگرت.

ڕێبازەكانی بەرەنگاربوونەوە
نووسەر پێیوایە ئەمریكا لە ئێستادا خەریكی هەمواركردنەوەی ستراتیژییەتی خۆیەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشە تازەكان. 

ئەو دڵنیامان دەكاتەوە، كە زۆرێك لە ئەمریكییەكانی سەر پشتی ژیردەریا و فڕۆكەكانی چاودێری، بنكەی كردە سەربازییەكان و  ئاژانسەكانی ئاسایشی نەتەوەیی ، بنكە ئاسمانییە جۆراوجۆرەكانی بینیوون، واتە ئەوانەی لە ڕیزی پێشەوەی "جەنگی سێبەر" دان، هەموویان پەی بە ڕەهەندەكانی ئەو دوژمنكارییەی ڕوسیا و چین دەبەن لە جەنگان دژ بە ئەمریكا، بۆیە هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی كە باشترین و كاراترین ڕێباز ئەوەیە ئەمریكا خاوەن سەركردایەتییەكی توندوتوڵ بێت.

سەرباری هەندێك لە شكستەكانی هەردوو ئیدارەی ئۆباما و بۆش، هەندێكیان پێیان وایە بەلایەنی كەمەوە ڕاستەوخۆ لە هەندێك كاری دوژمنكاریدا بەرەنگاری ڕووسیا بوونەوە، "كۆندا لیزا ڕایس" ی وەزیری دەرەوەی پێشوو لە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا لە ئوگۆستۆسی 2018  ئاماژەی بەوە كردووە، كە واشنتۆن هێزەكانی جۆرجیای لە عێراق كشاندنەوە و گەڕاندنییەوە بۆ جۆرجیا بۆ پاراستنی تەبلیس. ووتیشی خودی خۆی هۆشداری داوەتە سیرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیا لە ئاكامی لەكارخستنی "میخائیل ساكاشفیلی" سەرۆكی جۆرجیا كە دیموكراسییانە هەڵبژێردراوە.

هەندێك لە بەرپرسانیش دەڵێن: ئۆباما دووجار هۆشداری داوەتە پۆتین لە دەستورەدان لە هەڵبژاردنەكان، یەكەمیان لە گفتوگۆییەكی ڕووبەڕوو لە لوتكەی كۆمەڵەی بیست لە چین لە سێبتێمبەری 2016، دووەمیش پێش 8 ساڵ لە هەڵبژاردنەكان لە ڕێگەی پەیوەندییەكی تەلەفۆنییەوە.

هاوكات ترامپ كەمتر ئارەزووی بەرەنگاربوونەوەی ڕوسیای كردووە، بەڵكو دووبارە و سێبارە پرسیوویەتی ئاخۆ لە بنچینەدا ڕوسیا دوژمنە. 

بە گوێرەی قسەی چەند كەسێكی ناو ئیدارەكەی ترامپ، هۆكاری بەرەنگارنەبوونەوەی هەڕەشەكانی ڕوسیا، لەو پاڵنەرەوە دێت ترامپ پێ وایە دانپێدانانی بە دەستتێوەردانی مۆسكۆ لە هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ساڵی 2016 ، هەلەكانی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكانی ئایندە كەم دەكاتەوه. 

سەرباری ئەوەی ترامپ لە پرسی تێوەگلان لەگەل ڕوسیادا بێتاوان دەرچوو، بەڵام دوودڵی بەردەوامی لە دیاریكردن و چارەسەركردنی هەڕەشەكانی ڕوسیا، زیانی زۆری بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا گەیاندووە، چونكە واهاتە بەرچاو، كە توانستی بەرەنگاربوونەوەی پلانەكانی ئەندازیارانی "جەنگی سێبەر" ی ڕوسیای نییە.

لە كۆتایدا سكیتۆ، لە پوختەی هەر سەرەباسێكی پەرتووكەكەیدا، ئاماژەی بەو وانانە كردووە پێویستە كاراتر و باشتر سوودیان لێ وەربگیرێت لە چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ هەڕەشە چینی و ڕوسییەكان. 

نووسەر بانگەشەی ئەوەش ناكات كە سەركەوتن سوك و ئاسانە، بەڵكو پێویستی بە وەبەرهێنان و پەرەسەندنی تازە هەیە لە سیستەمەكانی چەكەكانی‌ نەوەی ئایندە، وەك ئەو چەكانەی تیژڕەوترن لە دەنگ. لەوەش دڵنیامان دەكاتەوە كە وەبەرهێنان لە چەكە باوەكانی وەك كەشتی جەنگی و فڕۆكەهەڵگرەكان، بەس نین بۆ پاراستنی پێگەی ئەمریكا و هەژموونی بەسەر سیستەمی نێودەوڵەتیدا.

سەرچاوە: موستەقبەل
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر