ساڵیادی جەنگی 8 ساڵە.. عێراق‌و ئێران لەدوو وڵاتی نەیارەوە بۆ هاوپەیمانی ستراتیژی

عیراق

22/09/2019‌ 804 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەمڕۆ ٢٢ ى ئەیلول ٣٩ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر هەڵگیرانى جەنگى عێراق-ئیران کە لە ساڵى ١٩٨٠ دەستیپێکرد، ئەو جەنگە کە هەشت ساڵى خایاند گەورەترین زیانى گیانى و ئابورى لێکەوتەوە کە کەموێنە بوو لە رۆژهەڵاتى ناوەڕاست.


 سەرەتاى ئەو جەنگە خوێناوییە لە چەند کێشەیەکى بچوکەوە دەستیپێکرد، لە دەستپێکدا ئەو شەڕە لە راگەیاندنەوە لەدژى یەکتر دەستیپێکرد بەجۆرێک ئێران عیراقى بە کوشتنى پیاوە ئاینیەکانى شیعە وسەرکردەکانى ئەو مەزهەبە تۆمەتبار دەکرد، لەبەرامبەریشداعێراق ئێرانى بە جوڵاندنى شیعەکانى عێراق لەدژى دەسەڵاتى وڵاتەکەى تۆمەتبار دەکرد.
بەم جۆرە تۆمەتبار کردنی یەکتر لە میدیاکانەوە بۆ ماوەى ١٠ مانگ بەردەوام بوو، بەڵام لێرەوە ئەو جەنگە لە راگەیاندنە گواسترایەوە بۆ خاوەندارییەتیکردن لە شەلتوعەرەب کە هەریەکەیان خۆی بە خاوەنى دەزانى.


ئەو ململانێیە چیتر لەو چوارچێوەیەدا نەمایەوەو ناکۆکییەکان تەقینەوە تا دواجار لە ٢٢ ئەیلولى ساڵى ١٩٨٠ شەڕى مەیدانى عێراق و ئێران لە ئاسمان و زەوییەوە دەستیپێکرد بۆ هەشت ساڵ بەردەوام بوو.


هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەتایبەت وڵاتانى عەرەبی بۆ رێگە کردن لەو جەنگە بێ سوود بوو، دواتر ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى بریاریدا بە پەلە لەسەر راگرتنى جەنگەکە کۆبێتەوە پاشان ئەنجومەنەکە بریارى ژمارە ٥٩٨ بۆ راگرتنى جەنگ دەرکرد.


دواى شەکەتبوونى سوپاو ئابورى وڵاتەکەى لەو جەنگەدا لە رۆژى ٨ ئابى ١٩٨٨ خوومەینى رازى بوو بە راگرتنى جەنگى هەشت ساڵەى وڵاتەکەى لەگەڵ عێراق، بەوەش ئاگرى شەڕ دامرکایەوە.


 بەپێ خەمڵاندنەکان زیانە مادییەکانى هەردوو وڵات زیاتر لە ٨٠٠ ملیار دۆلارە بووە، نزیکەى ٥٥٠ هەزار سەرباز لە هەردوولا کوژران هەزاران سەرباز لەلای یەکتر بە دیلیگران.
هەر لەو شەڕەداو لە ساڵى ١٩٨٨ شارى هەڵەبجە کیمیا باران کراو بەهۆیەوە  ٥٠٠٠ هەزار کەس گیانیان و ١٠ هەزارى تریش بریندار بوون لەدەستداو لە ساڵى ١٩٨٧ عیراق کیمیابارانى شارى سەردەشتى لە رۆژهەڵاتى کوردستان کیمیا باران کردو نزیکەى ٢٠٠ کەس گیانیان لەدەستداو نزیکەى ١٠ هەزارى تریش بریندار بوون.


سەرەڕاى راگرتنى جەنگ بەلام برینەکانى هەردوو وڵات ساڕێژ نەبوون و پەیوەندییەکانیان هەر بە خراپى مایەوە، بەو هۆیەشەوە چەندین رووداوی یەک لە دواى یەک کە لە عێراق روویاندا پەیوەندیەکانى بەغداو تارانى ئاڵۆزتر کرد.


لە گرنگترین رووداوەکانى ئەو کاتەش راپەڕینى شیعەکانى عێراق لە ساڵى ١٩٩١ کە سەدام پێی وابوو ئێران (ئەنجومەنى باڵاى شۆرشى ئیسلامى و حیزبى دەعوە) لەدژى وڵاتەکەى هان دەدات.


هاوکات راپەڕینى گەلى کورد لە بەهارى ١٩٩١ روویدا کە عێراق ئێرانى بە پشتیوانیکردنى ئەو راپەڕینەو رووداوەکانى تر تۆمەتبار کرد، بۆیە ئەوانە رێگر بوو لە ئاسایکردنەوەى پەیوەندییەکان، لەو ماوەیشدا تا روخانى رژێمى بەعس بەردەوام لەسەر پرسى بیرە نەوتەکانى سەر سنورو شەلتولعەرەب و دیاریکردنى سنورەکان و پشتیوانیکردن لە شیعەو کوردەکان ناکۆکییان هەبوو.


کاتێک ئەمریکا بڕیارى رووخاندنى رژێمى سەدام حسێنى دەرکرد لە ساڵى ٢٠٠٣ ئێران دژایەتى خۆى بۆ ئەو بریارە راگەیاند، بەڵام دواى ماوەیەک لەو هەڵوێستەى پاشگەز بووەوەو رایگەیاند کە وڵاتەکەى بێلایەن دەوەستێت لەو جەنگەدا.


بەڵام بە پێى هەندێ بەڵگەنامە کە لەساڵانى رابردوودا بڵاوکرانەوە ئێران هەماهەنگى لەگەڵ  ئەمریکا کردوە بۆ ڕووخاندنى رژێمى سەدام، دواى روخانیشى ئێران خۆشحاڵى خۆى دەبڕى بە نەمانى رژێمەکەى سەدام حسێن.


لەدواى ساڵى ٢٠٠٣ وەو نەمانى رژێمى بەعس ئیدى خۆرى ئێران لە عێراق گەشایەوەو ، هێدى هێدى هەژموونى خۆى بەسەر عێراقدا سەپاند، لەکاتێکدا ئەمریکاوهاوپەیمانەکانى ملیاران دۆلاریان لە روخانى رژێمى بەعس خەرج کرد، بەڵام سودمەندى یەکەم لەو جەنگ ئێران بوو، لەلایەک هەژمونى خۆى لە عێراق سەپاندو لەلایەکى تریش عێراق بووە مەیدیانێک بۆ ئێران بۆ بەرنگاربوونەوەى ئەمریکا.


لەماوەى ١٦ ساڵەى رابردوودا عێراق و ئێران کە لەمێژووەوە ناکۆک و ناڕێک بوون ئیدى بوون بە دوو دەوڵەتى کۆک و هاوپەیمان، چاودێران زیاتر لەوەش دەڕۆن و پێیانوایە لەئێستادا بەغداو تاران نەک هاوپەیمانن، بەڵکو عێراق بووەتە پاشکۆى بێ چەندو چوونى ئێران لەناوچەکەدا.

لەدواى رووخانى رژێمى سەدام حسێنەوە لەسەر ئاستەکانى (سیاسى، ئابورى، سەربازى، ئاینى) بەواوەتى هەژموونى خۆى سەپاندوە.
لەسەر ئاستى ئابورى:
- ئێران لەماوەى ١٦ ساڵى رابردوودا تائێستا ١٧٧ رێککەوتنامەی لە بوارى جیا جیادا لەگەڵ عێراق واژوو کردوە.
- قەبارەى بازرگانى نێوان عێراق و ئێران گەیشتووەتە زیاتر لە ١٤ ملیار دۆلار.
- بەشێکى زۆر لە سەرمایەى ئێران لە عێراقدا وەگەڕ خراوە.
- ژمارەیەکى زۆر لە بیرى نەوتى هاوبەش هەن.
- زیاتر لە ٣٠٠ کۆمپانیاى ئێرانى لە عێراق لە بوارى جیاجیا کار دەکەن.
-عیراق بووەتە دەرچەیەک بۆ بازرگانیکردنى ئیران لە کەنداوى عەرەبییەوە.
-عێراق بووەتە بازاڕێک بۆ ساغکردنەوەى کاڵاکانى ئێران.
لەسەر ئاستى سەربازى:

لەرووى سەربازییەوە ئێران پێگەى خۆى لە عێراق قایمکردوە بەجۆرێک جگە لەبوونى هێزێکى سەربازى شارەوە لە عێراق دا کە بە ئارەزووى خۆى جوڵە دەکات.
- بەپێى ئامارەکان نزیکەى ١٠ هەزار چەکدارى شاراوەى ئێران لە عێراقدان.
-بە هەزاران کەس لە دەزگا سیخوڕەکانى ئیتلاعات لە عێراق کار دەکەن.
-پشتیوانى هەریەکە لە گروپەکانى (فەیلەقى بەدر، سوپاى مەهدى حەسایبى، ئەهلى حەق، حیزبولاى عێراقى)

- لەمدواییانەش پشتیوانى لە حەشدى شەعبى و چەندین گروپى دیکە دەکات
-بەشێکى زۆرى لەو گروپانە پڕ چەک کردووە
لەسەر ئاستى سیاسى:
ئێران لەسەر ئاستى سیاسى پەیوەندیەکى ستراتیژى و وردى لەگەڵ سەرکردە عێراقییەکان ب کوردو شیعەو بەشێک لە سوونە داڕشتووەو زۆر جار بەبێ ئێران بریارە گەورەکان لە عێراقدا نادرێن، بەتایبەت گۆڕینى دەسەڵاتى حکومڕانى لە عێراقدا.


لەماوەى چەند ساڵى رابردوودا هەر سەرۆک حکومەت و سەرۆک کۆمارێک لە عێراقدا ئیران پێ رازى نەبووبێت نەتوانراوە لە دەسەڵات لە عێراقدا وەربگرێت یان بێ پرس و کاریگەرى ئەو دانەنراوە.


ئەو پەیوەندییە ستراتیژییە وایکردوە عێراق نەتوانێت راستەوخۆ پشتیوانى لە سزاکانى ئەمریکا بۆ سەر ئێران بکات و لەو هاوکێشەیە عیراق دوور بوەستێت.

لەرووى بیرو باوەڕەوە:
 لەم رووەوە ئێران کۆنترۆڵى شەقامى شیعى لە عێراقدا کردوە.
- ئێران خۆى کردوەتە مەرجەعى ئاینى شیعە لە عێراقدا.
-ساڵانە یەک ملیۆن و ٣٠٠ هەزار گەشتیارى ئاینى لەئێرانەوە دەچنە سەردانى مەزارگەکانى شیعە لە نەجەف، کەربەلا، کازمیە و سامەرا.
هەموو ئەوانە ئەوە پیشان دەدەن ئێران هەژمونى خۆى لە عێراقدا سەپاندوە و زۆرجاریش وەک پاشکۆ عێراق دواى بریارەکانى ئێران دەکەوێت لەناوچەکە، بەڵام ئەم هەژموونە بەو مانایە نییە کە عێراق هیچ سودێکى لە ئێران وەر نەگرتووە، هاوکات بەو مانایەش نییە عێراق بەتەواوەتى رادەستى خواستەکانى ئێران بووبێت، بەڵکو هێشتا ئەمریکا بریاردەرى یەکەم و کۆتایییە لە عێراقدا.

بەو شێوەیە عێراق و ئێران لە دواى هەشت ساڵ لە جەنگێکى خوێناوی لە دوو دەوڵەتى دوژمنەوە لەدواى ساڵى ٢٠٠٣ وە بوون بە دوو دەوڵەتى هاوپەیمانى گرنگ.
بەبڕواى چاودێرانى سیاسى براوەى جەنگى هەشت ساڵەى ئەو دوو وڵاتە ئێران بووە بەو پێیەى لەلایەک بەبێ هەڵگیرساندنى جەنگێکى تر رژێمى سەدامى لەکۆڵبوویەوە، لەلایەکى دیکەش هەژموونى خۆى بەسەر عێراقدا سەپاند.


هاوکات ئەمرۆ یەک شەممە ٢٢ى ئەیلول لە ساڵیادى دەستپێکردنى ئەو شەڕەدا حەسەن روحانى سەرۆک کۆمارى ئێران لەبەردەم نمایشى سوپاى وڵاتەکەیدا رایگەیاند، کە ئێران براوەى ئەو جەنگە بووەو شەڕى هەشت ساڵە لە قازانجى وڵاتەکەى شکاوەتەوە.


ئامادەکردنى: هێمن حەسەن