كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆده‌بێته‌وه‌
دووه‌مجاره‌ كوردێك نوێنه‌رایه‌تی دەوڵەتی عێراق ده‌كات

عیراق

22/09/2019‌ 1521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان UN له‌ 26ی ئه‌م مانگه‌دا كۆده‌بێته‌وه‌ و پرسه‌كانی جیهان و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستی تیادا تاوتوێ ده‌كرێت، دووه‌مجاریشه‌ كوردێك نوێنه‌رایه‌تی دەوڵەتی عێراق ده‌كات له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا كه‌ ئه‌ویش به‌رهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراقه‌.

کۆڕبەندەکە لە ویلایەتی نیویۆرک-ی ئه‌مریكا لە رێکەوتی 26 ی ئەم مانگە بەڕێوەده‌چێت، تیایدا بەرهەم ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق وتاری سەرەکی کۆڕبەندەکە دەخوێنێتەوە.

لە 17ی سێبته‌مبه‌ری 2005، مامجەلال، سەرۆک کۆماری پێشوتری عێراق له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا به‌شداریكرد و وەک وتارخوێنی سەرەکی کۆڕبەندەکە بانگهێشتکرا و وەڵامی پرسیارەکانی ئامادەبوانی دایەوە.

كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان UN

دەزگایەكی سەرەكیە لە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان، بەپێی میساقی نەتەوەیكگرتووەكان لە سالی 1945 دامەزراوە، لە یەكێك لە شەش دامەزراوە گرنگەكانی (UN)ە، لە ئێستادا لە 193 دەولەتی ئەندام پێكدێت، دانیشتنی ئەندامان لە هۆلی كۆبوونەوە بە پێی ریزبەندی پیتی ئینگلیزیە، ئەو دەزگایە بە چوار تایبەتمەندی دەناسرێتەوە لە بوارەكانی ( پێكهاتەی- تایبەتمەندی- خوولی كۆبوونەوەكانی- سیستەمی دەنگدانی).

یەكەم_ پێكهاتەی كۆمەڵەی گشتی:

بە پشت بەستن بەو پڕەنسیپە سەرەكی كە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكانی لەسەر دامەزراوە، كە بریتە لە یەكسانی لە سیادە لە نێوان سەرجەم ولاتانی ئەندام، بەو واتایەی كە هەر دەوڵەتێكی ئەندام مافی یەكسانی دەبێت لە ئەرك و مافدا، هەر دەوڵەتێكی مافی ئەوەی هەیە كە ببێتە ئەندام لە كۆمەڵەی گشتی، بە پێی ماددەی(9) لە میساقی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆمەڵەی گشتی پێكدێت لە تەواوی ئەندامانی نەتەوەیەكگرتووەكان UN.

لە ئێستادا ژمارەی وڵاتانی ئەندام لە كۆمەلەی گشتی بریتە لە 193 دەوڵەت، واتا لە كۆبوونەوەی كۆمەڵەی گشتی كە رۆژی 24/9 ئەنجام دەدرێت سەرۆك یان مەلیك یان سەرۆك وەزیری ئەو وڵاتانە لە كۆبوونەوەكە ئامادە دەبن.

كۆمەلەی گشتی بە پێی ماددەی(30) لە پەیڕەوی ناوخۆی سەرۆكێك 21 جێگری دەبێت كە بە پێی دابەشی جوگرافی جێگرەكانی هەلدەبژێردرێن بەم شێوەیە:

- وڵاتانی ئەفریقی 6 جێگر
- وڵاتانی ئاسیا 5 جێگر
- ئەوروپای رۆژهەلات 1 جێگر
- ئەمریكای لاتین 3 جێگر
- ئەوروپای رۆژئاوا 2 جێگر
- ئەندامانی ئەندامی هەمیشەی 5 جێگر

سەرۆكی ئەنجوومەن بەر كام لەو وڵاتانە بكەوێت یەكێك لە جێگرەكانی لێ كەم دەكرێتەوە.
سەرۆك بەرپرسە لە كردنەوەی كارەكانی كۆبوونەوە ئیدارەدانی و رێگەدان بە وەفدەكان كگە وتەكانیان پێشكەش بكەن وە كاتی تەڕخانكراو بۆ ووتەكانیان وە مافی هەلواسینی و دواخستن كۆتایهێنانی كۆبوونەوەكەی هەیە، لە كاتی ئامادەنەبوونی سەرۆك یەكێك لە جێگرەكان بە كارەكانی هه‌لدەستێت.

كۆمەڵەی گشتی مەكتەبێكی دەبێت كە پێك دێت لە سەرۆك و 21 جێگرەكەی و سەرۆكی شەش لیژنەی سەرەكی كە وردبینی لە خشتەی كاری كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی دەكەن، شەش لینە سەركیەكەش پێك دێن لە:

1- لیژنەی داماڵینی چەك و ئاسایشی جیهانی.
2- لیژنەی ئابووری و دارایی
3- لیژنەی كۆمەڵایەتی و مرۆیی و كەلتوری
4- لیژنەی كاروباری سیاسی
5- لیژنەی كاروباری ئیداری و میزانیە
6- لیژنەی یاسایی

دووەم- ئەرك و تایبەتمەندەكانی كۆمەڵەی گشتی:

تایمەتمەندیەكانی ئەو كۆمەڵەیە بەسەر چوار جۆر دابەش دەكرێن:
1- تایبتمەندی سیاسی
2- تایبەتمەندی پەیوەندار بە كاروباری ناوخۆی رێكخراو
3- تایبتمەندنی پەیوەندار بە گەشەپێدانی یاسای نێودەوڵەتی و هاریكاری دەولی لە بوارە جیاوازەكان.
4- تایبەتمەندی پەیوەندار بە وسایەی دەولی.

كۆمەڵی گشتی ساڵانە لە مانگی ئەیلول لە رۆژی سێیەمین سێشەمەی ئەو مانگە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی گرێدەدات، كۆبوونە لە بارەگای UN لە شاری نیویۆرك ئەنجام دەدرێت وە كۆمەڵە بۆی هەیە لە شوێنی تر كۆبوونەوە بكات بە بریاری زۆرینەی ئەندامنی كۆمەڵە.

ئەمیداری گشتی 60 رۆژ بەر لە گرێدانی كۆبوونەوەی گشتی ئەندامان بۆ بەستنی كۆبوونەوە ئاگادار دەكاتەوە، كۆمەلەی گشتی دەتوانێت كۆبوونەوەی ئیستسنائی ئەنجام بدات ئەویش لە سەر داوای ئەنجومەنی ئاسایش یان زۆرینەی ئەندامانی UN .

لەكاتی بوونی هەڕەشە لەسەر ئاشتی و ئاسایش وە ئەنجومەنی ئاسایش نەیتوانی رێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بە پێی بڕیاری (377د-5) كۆمەڵەی گشتی دەتوانێت كۆبوونەوەی ئیستسنائی ببەستێ ئەویش دوای بیست چوار كاتژمەر لە ئاگاداركردنەوەی ئەمینداری گشتی كە رەزامەندنی زۆرینەی واتا 9 ئەندامی ئەنجومەنی ئاسایش.

ئەمیناری گشتی دەبێت پێش 14 رۆژ ولاتانی ئەندام ئاگاداربكاتەوە كە داوای كۆبوونەوەكە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایش بێت و وە 10 رۆژ زووتر ئەگەر داوای كۆبوونەوەكە لەلایەن زۆرینەی ئەندامان بێت.

سێیەم – دەنگدان لە كۆمەڵەی گشتی:

بە پێی پرەنسیپی یەكسانی لە ئەندامیەتی ولاتانی ئەندام بۆ هەر وڵاتێكی ئەندام مافی یەك دەنگی دەبێت لە كۆمەڵەی گشتی، بەبێ ئەوەی جیكاری بكرێت لە نێوان دەوڵەتێكان لەسەر بنەمای گەورە یان بچووكی /

لە بواری نیساب بۆ دەنگدان بە پێی فەقەڕەی (2) لە ماددەی (18) لە میساقی UN و ماددەی (83) لە پەیڕەوی ناوخۆ جیاكاری دەكرێت لەو پرسانەی كە كۆمەلەی گشتی گفتوگۆیان لەبارەیە دەكات و بڕیاریان لەبارەوە وەردەگرێت بەم شێوەیە:

1- زۆرینەی دوو لەسەر سێ:

لەسەر پرسی گرنگ دەبێت دەنگدان لەسەر بنەمای دوو لەسەر سێی ئەندامان بێت، ئەو بابەتانەی كەپەیوەندیان بە:
- ئاشتی و ئاسایشی جیهانی هەیە.
- هەلبژاردنی ئەندامانی ناهەمیشەی ئەنجومەنی ئاسایش.
- هەلبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی ئابوری و كۆمەلایەتی
- هەلبژاردنی ئەنجومەنی ویسایە
- رەزامەندی دان لەسەر ئەندامیەتی تازە نەتەوەیەكگرتووەكان.
- راگرتنی ئەندامیەتی لە نەتەوەیكگرتووەكان.
- دەنگدان لەسەر پرسی تایبەت بە میزانیە.

2- دەنگدان بە زۆرینە (بسیگه‌)
بەدەر لە هەموو ئەو پرسانەی لە خاڵی یەكەم ئاماژەیان پێدرا بە دەنگی زۆرینە بڕیاریان لەسەر دەدرێت.

كۆبوونەوەی ساڵانەی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەرفەتێكە تا شاندی وڵاتان لە پەراوێزی كۆبوونەوەكە لەسەر پرسی سیاسی و ئابووری كۆبكاتەوە.

تێبینی: دووەم جارە كە كوردێك نوێنەرایەتی دەوڵەتی عێراق دەكات لە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان جاری یەكەم مام جەلال و ئەم جارەش بەرهەم ساڵح لەو كۆبوونەوەیە بەشداری دەكات.

سەرچاوە: كتیبی المنڤمات الدولیه‌ ( د. عبداله‌ علی )
وەرگێرانی بۆ زمانی كوردی هیوا سەید سەلیم، بەكالۆریۆس لە پەیوەندیە نێودەوڵەتیەكان.