لیژنەی "بەدواداچوونی راستییەكان"ی پەرلەمانی عێراق بەدوای نهێنییەكانی نەوتی هەرێم دەگەڕێت

عیراق

23/09/2019‌ 874 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
غالب محەمەد پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: لیژنەی "بەدواداچوونی راستییەكان"، كە پەرلەمانی عێراق درووستی كردووە رۆژی دووشەممە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات .

بەقسەی غالب محەمەد لیژنەكە لە ٧ كەس پێكهاتووە، كە دوو پەرلەمانتاری كوردیان تێدایە و بەمەبەستی ئاگاداربوون لە هەموو دۆسییەكانی پەیوەست بە هەناردەكردنی نەوت دێنە هەرێمی كوردستان .

پەرلەمانتارەكەی بزووتنەوەی گۆران دەشڵێت: لیژنەكە سەردانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی دارایی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان دەكات، جگە لەوەی بۆ تەواوكردنی راپۆرتەكە لەسەردانی كۆمپانیای نیشتیمانی نەوت (سۆمۆ) و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەكات، بەجۆرێك ئامادەكردنی راپۆرتەكە ١٤ رۆژی زیاتری پێنەچێت، بۆ ئەوەی پێش دەستپێكردن بە گفتوگۆی تایبەت بە ئامادەكردنی بودجە بخرێتە بەردەم پەرلەمانی عێراق تاو قەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم بزانرێت .

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە گفتوگۆ لەنێوان هەولێرو بەغدا هەیە بۆ پرسی بودجەو نەوت، كە دەیانەوێت لەو بارەوە رێككەوتن بكەن‌و ئێستاش گفتوگۆكان بەردەوامی هەیە.

لای خۆیشییەوە ، ڕێبوار بابەكی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان دروستكردنی ئەو لیژنەیەی بە كارێكی نادەستووری ناوزەند كردووە .

بابەكی لەو بارەوە وتی: نەوت لە بابەتە سیادییەكانە و گرنگترین خاڵی ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدایە، لەبەر ئەوە ناكرێت پێش پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز لیژنەی وردبینی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دروست بكرێت .

رۆژی شەممە ، لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریدا بە دروستكردنی لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی راستییەكان لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی