شارپرێس:
ئێران جبەخانەیەكی گەورەی موشەكی هەیە، كە چەندین جۆر موشەكی بالیستی و كروزی لەخۆگرتووەو دەتوانرێت لەسەكۆی زەمینییەوە بهاویشترێن.
پێگەیەكی تایبەتمەندی ئەمەریكی بەناوی "missile threat"، كە لەبواری چاودێری و تۆماركردنی زانیاری لەسەر سیستەمە موشەكییەكان كاردەكات، لیستێكی لەسەر ٨ موشەكی ناو جبەخانەی ئێران بڵاوكردووتەوە، كە لەناویاندا موشەكی كورتمەودای وەك "شیهاب ١" و "شیهاب ٢"، موشەكی مەودا مامناوەندی وەك "سججیل" و " شیهاب ٣"ی تێدایە.
بەپێی پێگەكە ئێران لەساڵی ١٩٩٨وە زیاتر لە ١٠٠ تاقیكردنەوەی موشەكی كردووە، كە دەیانیان لەدوای رێكەوتننامەی ناوەكی ساڵی ٢٠١٥ وە بووە.
شیهاب ١
موشەكێكی كورتمەودایە و مەوداكەی لەنێوان ٢٨٥ بۆ ٣٣٠ كیلۆمەتر دایە ، لەساڵی ١٩٨٥ وە ئێران خاوەنی ئەو جۆرە مووشەكەیە كە ناوی جێگرەوەی مووشەكی "سكۆت بی"ی سۆڤێتییە و بە سووتەمەنی شل كار دەكات ، درێژییەكەی ١٠،٩ مەترە و ئەستوورییەكەشی ٨٨ سانتیمەترە .
فاتیح 110
موشەكێكی بالیستی كورتمەودایە و لەسەر ئۆتۆمبێلی گەڕۆك جێگیر دەكرێت ، مەوداكەی لەنێوان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ كیلۆمەتردایە ، لەساڵی ٢٠٠٤ وە ئێران خاوەنی ئەو جۆرە مووشەكەیە ، بۆ هەڵگرتنی كڵاوەی كلاسیكی و تەقینەوەی بەهێز دیزاین كراوە و بە سووتەمەنی رەق كار دەكات، درێژییەكەی ٨،٨٦ مەترە و ئەستووریشی ٦١ سانتیمەترە .
شیهاب 2
موشەكێكی بالیستی كورت مەودایە ، بە سووتەمەنی شل كار دەكات و مەوداكەی ٥٠٠ كیلۆمەترە و كڵاوەی تەقینەوەی زۆر بەهێز هەڵدەگرێت ، لەساڵی ١٩٩٧ وە ئێران خاوەنی ئەو مووشەكەیە .
درێژی موشەكەكە 10.9 مەترە و ئەستوورییەكەی 88 سم، لەسەر ئۆتۆمبێلی گەڕۆك جێگیر دەكرێت و بەنووسخەی مووشەكی "سكۆت بی "سۆڤێتی هەژمار دەكرێت .
زولفەققار
موشەكێكی بالیستی كورتمەودایە و مەوداكەی ٧٠٠ كیلۆمەترە ، كڵاوەی كلاسیكی تەقینەوەی بەهێز هەڵدەگرێت ، بەسووتەمەنی رەق كار دەكات و لەساڵی ٢٠١٧ وە ئێران خاوەنییەتی .
قیام 1
موشەكێكی بالیستی كورتمەودایە و درێژییەكەی ١١،٥ مەترە و ئەستوورییەكەی ٨٨ سانتیمەترە ، بەسووتەمەنی شل كار دەكات .
موشەكەكە وا دیزاین كراوە كڵاوەی كلاسیكی هەڵبگرێت ، بەڵام دەتوانرێت بە كڵاوەی ناوەكیش تەیار بكرێت ، مەوداكەشی لەنێوان ٧٠٠ بۆ ٨٠٠ كیلۆمەترە .
شیهاب 3
موشەكێكی بالیستی مەودا مامناوەندە و مەوداكەی لەنێوان ١٥٠٠ بۆ ٢٥٠٠ كیلۆمەترە ، دوو نوسخەی هەیە "عیماد" درێژییەكەی ١٥،٨ مەترە ، وە "قادر" كە درێژییەكەی ١٦،٥ مەترە .
موشەكی "قادر" لە قۆناغی یەكەمدا بە سووتەمەنی شل كار دەكات و لە قۆناغی دووەمدا بە سووتەمەنی رەق كار دەكات . مووشەكی "عیماد"یش بە سووتەمەنی شل كار دەكات .
سجیل
موشەكێكی بالیستی مەودا مامناوەندە و مەوداكەی ٢٠٠٠ كیلۆمەترە و لەسەر ئۆتۆمبێلی گەرۆك جێگیر دەكرێت ، درێژییەكەی ١٨ مەترە و ئەستوورییەكەشی ١،٢٥ مەترە ، دەتوانێت كڵاوەی كلاسیكی و ئەتۆمیش هەڵبگرێت .
سۆمار
موشەكێكی "كروز" و دەتوانرێت لەسەكۆی زەمینییەوە بهاویشترێت ، درێژییەكەی ٧،٢٤ مەترە و ئەستوورییەكەی ٥١ سانتیمەترە ، دەتوانرێت كڵاوەی كلاسیكی و ناوەكیشی لێببەسترێت و بە سووتەمەنی رەق كار دەكات.
مەوداكەی ٢٠٠٠ بۆ ٣٠٠٠ كیلۆمەترە و گومان دەكرێت ئێستا خرابێتە خزمەتەوە .
ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی