لەبەر چەند هۆكارێك‌ هێرشەكانی سەر سعودییە نابنە هۆی هەڵگیرسانی جەنگ دژ بە ئێران

جیهان

24/09/2019‌ 2688 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای هێرشەكەی سەر دامەزراوە نەوتییەكانی ئارامكۆی سعودییە، پەنجەی تۆمەت ئاراستەی ئێران كرا، سەرباری ئەوەش، كە حوسییەكانی یەمەن ئۆباڵەكەیان خستەپاڵ خۆیان، بەڵام چەند بەرپرسێیك‌ ئەمریكی نادیار بەڕۆژنامەكانیان ڕاگەیاند، ئێران لە خاكی خۆیەوە موشەكە گەڕۆكەكانی هاویشتوون و فڕۆكەی بیفڕۆكەوانیشی هەستاندوون.

لە سایەی كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی سعودییە و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا، دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا، دوای دڵنیابوون لە ئەنجامدەری تاوانەكە، ئامادەباشی وڵاتەكەی دەربڕی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران. 

دەنگەكانی لاگیرانی شیمانەی (احتمال) ی هەڵگیرساندنی جەنگی نێوان تاران و واشنتۆنیش لەبەرزبوونەوەدان، بەلام پێنج هۆكار ڕێگری لەئەگەری هەڵگیرسانی ئەو جەنگە دەكەن.

ئەمریكییەكان خوازیاری جەنگنین دژ بە ئێران
سەرباری بارگرژی پەیوەندییەكانی هەردوولا بۆ چوار دەیە، كەچی گەلی ئەمریكا ئارەزووی جەنگی دژ بە ئێران ناكەن، ئەمە‌ش بەگوێرەی ئەو لێكۆڵینەوە بەدواداچوونكارییانەی لە مانگی حوزەیران و تەمموزی ئەمساڵدا بۆ خەمڵاندنی ئامادەباشی ئەمریكییەكان لەهێرشكردنە سەر ئێران ئەنجام دراون.

داتاكان ئەوەیان ئاشكرا كردووە، كە زۆرینەیەك لە دیموكراتەكان (86%) ، بیلایەنەكان (81%)، كۆمارییەكان (81%)، لەگەڵ بڕیاری سەرۆكی ئەمریكا بوون بۆ گرتنەبەری هەر ڕێوشوێنێكی هەڵكشانكاری (تصعیدی). 

داتاكانیش ئەوە‌یان ڕوونكردووەتەوە، كە ڕێژەی (89،61،52) لە سەدی دەنگەكانی هەردوو پارتەكەی ئەمریكا و بێلایەنەكان، لەگەڵ سەپاندنی سزای دیكەن بەسەر ئێراندا، بۆیە بژاردەی سەربازی لاگیری زۆر كەمترن لە بژاردەی سزا ئابوورییەكان.

سەرباری ئەوەش ئەمریكا چەندەها جار ئێرانیان بە ئەنجامدانی ئەو هێرشانە تۆمەتبار كردووە، كەچی هەڵوێستی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی ئەو وڵاتە وەك خۆی مایەوە. هیچكام لەو هەڵوێستانەش بیرۆكەی دەستتێوەردانی سەربازییان لای گەلی ئەمریكا شیرن نەكرد.

ئەمانەی سەرەوەش‌ پێنوێنن (مۆشر)، كە شیمانەی ئەوە ناكرێت لە بەرانبەر هێرشەكانی سەر دامەزراوەی ئارامكۆی سعودییە، واشنتۆن بژاردەی سەربازی دژ بە ئێران پیادە بكات.

ترامپ دانوستانی پێ باشترە لە ململانێ لەگەڵ ئێران
سەرباری هەموو بارگژییەكانی پێشووی نێوان هەردوو وڵات، ترامپ چەندەها جار دووپاتیكردووەتەوە، كە لەبری كردەی سەربازی، بەردەوام دەبێت لە‌ دانوستان لەگەڵ ئێران. ترامپیش بەوە ناسراوە زوو سورادەبێت و زووش دادەبەزێت، چەندەها جاریش هەڕەشەی كردووە و لە دواساتەكانیشدا پەشیمان بووەتەوە و هیوای دانوستانی لەگەڵ ئێران خواستووە، ترامپ لە ساڵی 2017  هەڕەشەی لە كۆریای باكور كرد و دواتریش پەشیمان بووەوە.

لەكارخستنی "بۆڵتۆن"یش هەژموونی "تیمی شكستخواردووەكان"ی لاوازتر كرد، كە هەریەك لە (بۆڵتۆن، نەتەنیاهۆ، محەمەد بن سەلمان، محەمەد بن زائد)ن.

ئەهریمەنەكە كۆشكی سپی جێهێشت
تا هەفتەی لەمەوبەر، بۆڵتۆن كە "جیمس ماتیس" ی وەزیری بەرگری پێشوو بە "ئەهریمەنە بەرجەستەكراوەكە" ناوی دەبرد، لای تڕەمپ سەرتۆپی ڕاوێژكارانی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا بوو. لە كارخستنی بۆڵتۆن ، تیمە شكستخواردووەكەی (بۆڵتۆن، نەتەنیاهۆ، محەمەد بن سەلمان، محەمەد بن زائد) لاوازتر كرد. 

سەرباری ئەوەی بۆڵتۆن یەكێك لە گرنگترین لاگیرەكانی داگیركاری عێراق بوو لە ساڵی 2003 ، كەچی سەرنج و بۆچوونەكانی لای دۆناڵد تڕەمپی سەرۆكی ئەمریكا، زیاتر لە ڕاوێژكارەكانی دیكە جێ بایەخپێدان بوو. ئەو خوازیاری سیاسەتێكی دوژمنكارانە بوو دژ بە كۆریای باكور و ڕوسیا و سوریا، چەندەها ساڵیشە خوازیاری بەرەنگاربوونەوەیە لەگەڵ ئێراندا. دژی ڕێككەوتننامە ئەتۆمییەكەی‌ ئێرانیش بوو، لەكارخستنیشی ڕاستەوخۆ پەیوەست بوو بە پرسی ئێرانەوە، ڕۆیشتنیشی واتای ئەوەیە ترسی ئێران باڵی بەسەر كۆشكی سپیدا كێشاوە.

سوپاس ئەمریكا بەرهەڵستكاری جەنگی دژ بە ئێرانە
لە تەمموزی ئەمساڵدا، جەنەڕاڵ ماڕك ئەلیكسندەر میلی لە بەردەم ئەنجومەنی پیراندا گومانەكانی خۆی سەبارەت بە هەڵگیرسانی جەنگێكی گەورە لە دژی ئێران دەربڕی. كاتێكیش بوو بە سوپاسالاری دەستەی سوپای هاوبەش، ڕایگەیاند كە سوپای ئەمریكا چاوی لەسەر ستراتیژیەتی كێبڕكێكارییە لە بەرامبەر زلهێزەكاندا، سەرهەڵدانی كێشەش لەگەڵ دەوڵەتێكی یاخی وەك ئێراندا، ئەو ستراتیژیەتە دوادەخات و لاوازی دەكات. یەكێك لە پەیامنێرانی ڕۆژنامەی "وڵستریت جۆڕناڵ" ئەوەی دووپاتكردۆتەوە كە هێشتا ئەو بیروبۆچوونە بەسەر پنتاگۆندا زاڵە.

سەرباری ئەوەش، پلانسازە ستراتیژییەكانی ئەمریكا خەریكی قۆرتوقولاپی جەنگێكی شیمانەكراون دژ بە ئێران. واش مەزەندە دەكەن كە 900 هەزار سەربازی ئێرانی لە خزمەتی سوپادان (بە یەدەگەكانیشەوە)، شیمانەی ئەوەشیان‌ هەیە ئێران مین لە گەرووی هورمز بچێنێت، موشەكە بالیستییەكانیشیان لەبەرچاو گرتووە، چەكە بەرگرییە ئاسمانییە ناوخۆییەكان و چەكە ڕوسیەكانیش، لای ئەوان جێگەی سەرنج و لێڕامانن، ئامادەباشی گەلی ئێرانیشیان لەبەرچاوە كە چەك بۆ ڕژێمەكەیان هەڵگرن، لە هەموو ئەمانەوە و سەرباری باڵادەستی واشنتۆنی سەربازی بەسەر تارانەوە،  سوپای ئەمریكا پەی بەوە دەبات كە جەنگەكەی دژ بە تاران سوك و ئاسان نییە

ئێران خوازیاری جەنگی دژ بە ئەمریكا نییە
خامەنەئی بە ڕوونی ڕاگەیاند كە خوازیاری جەنگ نین دژ بە ئەمریكا، بەرپرسە ئێرانییەكانیش پەی بەوە دەبەن كە هەرچەندە واشنتۆن بە شێوەیەكی یەكلاییكەرەوە ئەو جەنگە ناباتەوە، بەڵام زۆرینەی زیانە مرۆییەكان بەر ئێران دەكەون. دێوەزمەی جەنگی عێراق – ئێران هێشتا لە ئەندێشەی ئێرانییەكاندا دێت و دەچێت، كە تیایدا نزیكەی ملیۆنێك سەربایان لەدەستدا كە لەو كاتدا 2% دانیشتوانی جیهانی دەكرد.

ناكرێت ئامانجە ڕاستەقینەكەی ئێران پەلكێشكردنی ئەمریكا بێت بۆ ناو جەنگ، بەڵكو لێزانانە دەجوڵێن، بەشێوەیەك كە هەڵوێستی دانوستانكاریان بەهێز بكات، بەوەی مەرجە تایبەتییەكانیان بەسەر ئەمریكا و هاوپەیمانەكانیدا بسەپێنن. ئێران لە ڕێگەی چەند هەڵكشانێكی سنورداری لێرەو لەوێی دۆخەكەوە، ئەوەی ویستی دەستیكەوت، خۆشی لەوە پاراست بكەوێتە ناو ئاگری جەنگێكی وێرانكەرەوە.

ئێرانییەكان زۆر بە ووردی خۆیان لە كاری قەڵسكاری (استفزاز) ئەمریكا لادا، تاوەكو پاساوی جەنگ نەدەنە دەستی تڕەمپ، بۆیە لە ڕێگەی میلیشیا پاشكۆكانیانەوە لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن، جەنگی بەلەجیاتیان دژ بە ئەمریكا پیادە كرد. ئێران هەقیەتی ئەو ستراتیژییە بە بەرهەمدار بزانێت، هەر بۆیەش واشنتۆن چەند جارێك بڕیاری وەشاندنی گورجی سەربازی دژ بە ئێران هەڵوەشاندەوە، ئامادەی ئەوەش بوو دانوستان لەگەڵ كۆریای باكور بكات كە پێشتر هەڕەشەی لێدانی ئەتۆمی و موشەكی لێكردبوو. 

پوختەی قسە
لە كاتێكدا شارەزاو بڕیاسازان دڵەڕاوكێیانە لەوەی جەنگێكی بەرفراوان هەڵگیرسێت، دەكرێت لایەنە كێبڕكێكارەكان خۆیان لەو جەنگە لادەن. بەو پێیەش كە واشنتۆن و تاران خۆیان لە جەنگ لادەدەن، بۆیە هەر جۆرە جموجۆڵ و ڕێوشوێنێكی دیكە تەنها لێدانێكی ووریائامێز و سنوردار یان نهێنی و بەلەجیاتی دەبێت. بۆیە كاتێك پرسەكە پەیوەست بێت بە جەنگێكی كراوەوە، چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت هەردوو ووڵات هەڵە نەكەن و بە چەوتی دیمەنەكە نەخوێننەوە، چونكە جەنگێكی لەو جۆرە بۆ هەردوولا تێچوونەكەی گرانبەها دەبێت كە گەل و سەركردەی هەردوو ووڵات پەسەندی ناكەن.

سەرچاوە: ن پۆست
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر