پرۆژەیەكی ئێرانی توركی بۆ پەلهاویشتن لەمیسرو ناوچەكە

جیهان

24/09/2019‌ 1885 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توێژەرێكی سیاسی میسری ئێران و توركیا تۆمەتبار دەكات بەوەی لەپێناو گوشاركردن لە حكومەتی میسر بۆ بەدیهێنانی ئامانجە سیاسی و بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانیان هانی دەستپێكردنی خۆپیشاندانی هێزە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئەو وڵاتە  دەدەن .

بەگوێرەی رۆژنامەی "وەفد"ی میسری، ماهیر فەرغلی توێژەر لە كاروباری جوڵانەوە ئیسلامییەكان لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ كەناڵی (صدی البلد ) دەڵێت: توركیا دەیەوێت گوشار بخاتە سەر میسر بۆ ئەوەی ڕێكەوتننامەی دیاریكردنی سنوور لەگەڵ قوبرس و یۆنان هەڵبوەشێنێتەوە و یارمەتی حكومەتی نوێی سودان نەدات و دەستبەرداری یارمەتیدانی رژێمی سوریا ببێت لە دژی گرووپە تیرۆریستییەكان، جگە لە ئاسانكاریكردن بۆ پەلهاویشتنی ئێران لەناوخۆی میسر و دژایەتینەكردنی گرووپە تیرۆریستییەكانی سەر بە توركیا لە لیبیا.

ئەو توێژەرە میسرییە باس لەوەش دەكات، كە پرۆژەیەكی توركی و ئێرانی بۆ پەلهاویشتن لەناوچەكە هەیە، ئەویش لەپێناو رووبەڕووبوونەوەی پرۆژەی هاوپەیمانی عەرەبی بەسەرۆكایەتی میسر، هەروەك دەڵێت: كۆبوونەوەی ئەم دواییەی ئیخوانەكان لەئیستەنبوڵ لەسەر فەرمانی رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا بووە ، تا پەیامێك بۆ جیهان بنێرێت، كە هیچ لێكترازانێك لەناو كۆمەڵەی ئیخواندا دروست نەبووە .

رۆژی هەینی لەشاری قاهیرە و سوێس و ئەسكەندەرییە و دەمیات و كۆمەڵێك شار و شارۆچكەی میسر سەدان خۆپیشاندەری میسری رژانە سەر شەقامەكان و داوای رۆیشتنی عەبدول فەتاح سیسی سەرۆكی میسریان دەكرد و پۆلیسی میسریش بە گازی فرمێسك ڕێژەوە پەرش و بڵاوی كردن و ژمارەیەكیشی لێدەستگیر كردن ، كە لەدوای شۆڕشی یەنایەری ساڵی ٢٠١١ وە ئەوە یەكەم خۆپیشاندەری لەو جۆرەیە .

ئامادەكردن: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی

بەپەلە