هەرێم لەسەردانی لیژنەی "بەدواداچوونی راستییەكان"ی پەرلەمانی عێراق نیگەرانە

عیراق

24/09/2019‌ 1408 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی "بەدواداچوونی راستییەكان"، كە پەرلەمانی عێراق درووستیكردووە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات‌و هەرێمیش لەهاتنی لیژنەكە نیگەرانە.

لیژنەكە لە ٧ كەس پێكهاتووە، كە دوو پەرلەمانتاری كوردیان تێدایە و بەمەبەستی ئاگاداربوون لە هەموو دۆسییەكانی پەیوەست بە هەناردەكردنی نەوت دێنە هەرێمی كوردستان .

بەپێی زانیارییەكان، كە لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، هەرێمی كوردستان لەهاتنی ئەو لیژنەیە نیگەرانەو دەیەوێت كار بۆ ئەوە بكات، ئەنجامی كارەكانی لیژنەكە وەك پێویست نەبێت.

لیژنەكە سەردانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و وەزارەتی دارایی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان دەكات، جگە لەوەی بۆ تەواوكردنی راپۆرتەكە لەسەردانی كۆمپانیای نیشتمانی نەوت (سۆمۆ) و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەكات، بەجۆرێك ئامادەكردنی راپۆرتەكە ١٤ رۆژی زیاتری پێنەچێت، بۆ ئەوەی پێش دەستپێكردن بە گفتوگۆی تایبەت بە ئامادەكردنی بودجە بخرێتە بەردەم پەرلەمانی عێراق تاو قەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێم بزانرێت .

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەیەكە گفتوگۆ لەنێوان هەولێرو بەغدا هەیە بۆ پرسی بودجەو نەوت، كە دەیانەوێت لەو بارەوە رێككەوتن بكەن‌و ئێستاش گفتوگۆكان بەردەوامی هەیە.

پێشتریش ڕێبوار بابەكی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان دروستكردنی ئەو لیژنەیەی بە كارێكی نادەستووری ناوزەند كردبوو.

بابەكی لەو بارەوە وتی: نەوت لە بابەتە سیادییەكانە و گرنگترین خاڵی ناكۆكی نێوان هەرێم و بەغدایە، لەبەر ئەوە ناكرێت پێش پەسەندكردنی یاسای نەوت و گاز لیژنەی وردبینی بۆ هەناردەی نەوتی هەرێم دروست بكرێت .

رۆژی شەممە ، لیژنەی نەوت و وزەی ئەنجوومەنی نوێنەران بڕیاریدا بە دروستكردنی لیژنەیەك بۆ بەدواداچوونی راستییەكان لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان .

هـ ـ ح