بەرهەم ساڵح: عێراق پابەندی پاراستنی‌ سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت

عیراق

24/09/2019‌ 790 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"ئەو ڕووداوانەی لەم دوادواییانەدا ڕوویاندا، زەنگێكی بیرخەرەوەی بەهێزن‌ سەبارەت بەمەودای بەردەوامبوونی هەڵبەز و دابەزی  ڕووداووەكان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سوك و ئاسانی سەرهەڵدانی دوژمنكارییە ناوخۆییەكان، كە دەتوانن زیان بە بەرژەوەندی هەموو جیهان بگەیەنن".

ئەو قسانە بۆچوونی بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراقە، كە لەمیانی وتارێك لەگۆڤاری وۆڵ ستریت جۆنڕاڵ نووسیویەتی: كە دەڵێت: هێرشكردنە سەر دامەزراوە نەوتییەكانی شانشینی عەرەبی سعودییە جێگەی نیگەرانییە، بەڵام گرفتە سەرەكییەكە هی ئەمڕۆ نییە و دێرینە. كێشە واقڕمێنەكانی یەمەن و سوریا بوونە هۆی لەرزاندنی سەقامگیری و سەرهەڵدانی ئازار و مەینەتییەكان، لایەنە دەرەكییەكانیش ئاگری ئەو جەنگانەیان خۆشكرد.

ئەو دەشڵێت: ئێمە لە عێراق،‌ بە نیگەرانییەكی زۆرە‌وە،‌ مەرگەساتی ناوچەكەمان لەبەرچاوە، هیچ وڵاتێك لە عێراق باشتر پەی بە مەرگەساتەكانی جەنگ و سزاكان و توندوتیژی و شەڕی ناوخۆ نابات، "هیچ دانیشتوانێك بە قەد دانیشتوانەكەی عێراق لەو تێچوونە مرۆیی و ماددییانە تێناگەن، كە سیاسەتە دوژمنكارییەكان و دیدگا كورتبینەكان بەسەر هاووڵاتییانی ئاساییدا دەیسەپێنن، هیچ دەوڵەتێك ئەوەندەی عێراق تینووی سەقامگیری و ئاسایش نییە".

بەرهەم ساڵج باسی لەوەش كردووە، كە ئێستا عێراق لە بەردەم قۆناغێكی تازە دایە، شكستپێهێنانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ئەوەی دەرخست عێراقییەكان – بە چا‌وپۆشین لە نەژاد و بیروباوەڕیان – سەبارەت بە پرسێكی هاوبەش، بەیەكەوە چییان لەدەست دێت و دەتوانن چی بكەن، دەریخست چۆناوچۆن دەتوانن لەگەڵ هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكان كاربكەن و هەماهەنگاری بكەن. بەڵام هێشتاش سەركەوتنەكەمان لەرزۆكە و قورسترین ئەركەكانیشمان لەبەردەممان مۆلەق وەستاون. ئێمە بۆ بنیاتنانی هێزێكی دەستیكاری سەردەمییانە، پێویستیمان بە دابینكردن هەلەكانی كار و فێركردن و ڕاهێنان، پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر، دووبارە بنیاتنانەوە و فراوانكردنی ژێرخانی ئابووری، چاكسازیكردن لە كەرتی گشتی هەڵاوساومان و برەودان بە دامەزراوەكانمان، دووركەوتنەوەمان لە تەنها پشتبەستن بە نەوت (بەرخۆری) لە ڕێگەی بنیاتنانی كەرتێكی تایبەتی پڕ لەژیاندۆستی، چارەسەركردنی تەڵەزگەی گەندەڵی و داڕشتنی چوارچێوە ڕێكخستنكاری و یاساییەكان هەیە، كە دەتوانن وەبەرهێنەرە بیانییەكان ڕاكێشنە ناو وڵاتەوە.

هەروەها دەڵێت: ئەمانەی سەرەوە ئەو ئەركانەن، كە ڕووبەڕووی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی دەبنەوە، بەڕێزیشیان (عەبدولمەهدی)  لەو بارەوە خاوەن هەمان جۆشوخرۆشی و تینویەتی چاكسازیی منن. عێراق بە بەردەوامی لەگەڵ هاوسێ و كۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا بۆ دەستخستنی یارمەتی دارایی و تەكنیكی لە پەیوەندیدا بووە. بەڵام بەرزەفڕییەكانمان (گموح) نێچیری سیاسەتە هەرێمییەكانن، ئەگەر هاوسێ و هاوپەیمانەكانیشمان لە ناكۆكی و ململانێدابن، ئەو بەرزەفڕییانەمان تێدادەچن و لەبەین دەچن.

ئاماژەی بەوەش كردووە، بۆیە كاتێك بە سەرۆكایەتی شاندی ووڵاتەكەم گەیشتمە كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆڕك، پەیامەكەم زۆر بە سادەیی ئەوە بوو: كە عێراق نیازی ئەوەی نییە پێی بخلیسكێننە ناو ململانێ هەرێمییەكانەوە. عێراق نیازی ئەوەی هەیە بەرژەوەندییە تایبەتەكانی بپارێزێت، ڕێگە بەخۆشی نادات ببێتە بنكەیەك بۆ هێرشكردنەسەر هاوسێكانی یان ببێتە گۆڕەپانێكی جەنگ بۆ لاداریی و لاگیرییەكانیان.

ئەوەش دەڵێـت: بەرژەوەندیمان لەوەدایە وەك هێزێك كار بكەین بۆ هێنانەدی سەقامگیری و قۆزتنەوەی هەڵوێستی ستراتیژی سەرەكیمان و پەیوەندی باشمان لەگەڵ هاوسێكانمان بۆ لەناوبردنی توندڕەووی. عێرق كۆششی ئەوە دەكات ببێتە هێزێكی پارێزەری سەقامگیری و پردێكی تەواوكارییەكی ئابووری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 

هاوكات دەڵێـت: ئێمە دەزانن‌ كۆششەكانی لەمەوپێش بۆ دروستكردنی ئەو چوارچێوەیەی باسكرا، بەتاڵ بوو لە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندییە دژیەكەكان و دوژمنایەتییە مێژووییەكان و دەستتێوەردانە دەرەكییەكان. بەڵام لە بەرژەوەندی هەمووان دایە كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەو ململانێیە تێپەڕێنێت و بەسەریدا زاڵ بێت. عێراق نیازی وایە هاوسێكانی بانگهێشتی بەغدا بكات بۆ دەستپێكردنی چەشنە دانوستانێك كە پاڵپشتیكردنی سەقامگیری عێراق و نوێكردنەوەی ئابوورییەكەی بە گرنگ بزانێت. لێبڕاوانەش‌ كار دەكەین بۆ دیاریكردنی بوارەكانی كاری هاریكارییانەی خێرا و ڕەنگڕێژكردنی نەخشە ڕێگایەك لە پێناو پێكەوەنانی هاوپەیمانییەكی هەرێمی توندوتوڵتر.

سەرۆك كۆمار جەختی لەوەش كردووەتەوە، كە عێراق لە پێناو دامەزراندنی لیژنەی دووبارە بنیاتننانەوە، یاساكاری مێژوویی دەخاتەڕوو، ئامانجیشمان هاندانی كۆمپانیا تایبەتەكان و وەبەرهێنە بیانییەكانە لە پێكەوەنانی هاوبەشبەندییەكان لەگەڵ حكومەتدا لە پڕۆژە بەرفراوانەكانی ژێرخانی ئابووریدا. ئامانجی یەكەمیشمان پەرەپێدانێكی ناوخۆییە، دەشكرێت ئەم پێشدەستییە ببێتە بنچینەیەك بۆ پێشدەستییەكی هەرێمی سنوربڕ كە بەرژەوەندییەكی هاوبەشی لێ بكەوێتەوه لە نێوان دەوڵەتانی ناوچەكەدا كە هانی پەرەپێدانی ئابووری هاوبەش و هێنانەكایەی هەلی كار دەدات.‌

لەبەردەوامی نووسینەكەی بەرهەم ساڵح دەڵێت: ئەزموونی تاڵمان لەگەڵ ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی فێری كردین ئێمەی عێراقی ئەوەی بەیەكمانەوە دەبەستێتەوە زیاترە لەوەی پەرتمان دەكات. هاوبەشبەند بووین لە خەون و بەرژەوەندییە دووسەرەكانمان و هاریكاری و دەستبار بۆیەكگرتن  لە پێناو بەدیهێنانیاندا.

روونیشیكردووەتەوە، كە ئەمەی باسكرا وانەیەكیشە بۆ هاوسێ و هاوپەیمانەكانمان. پەرەسەندن لەسەر بنیاتنانی پردەكان بەندە، نەوەك داخستنی دەرگاكان. بە پاڵنەری ئەو هۆكارە خۆپەرستییە خودییانەمان، گەرەكمانە جڵەوی پێشدەستییە بگرینەدەست. ئێمە بۆ ئەنجامدانی كارێكی لەم جۆرە، قەرزداری خۆمان و نەوەكانی ئایندەشمانین. هیوا و ئومێد و ئایندەشمان بەندە لەسەر باوەڕپێهێنانی ئەوانی دیكە بەوەی لە گرتنەبەری ئەم هەنگاوانادا چاودێر و پشتیوانمانبن.

سەرچاوەWILSTREAT JOURAL   
نووسین:  بەرهەم ساڵح 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر